كاوە ئازیزی: پەیەدە بە دوای دەستکەوتی حزبییەوەیە.. ئەمانەتەکە ڕادەستی ڕژێم دەکەنەوە

 	 كاوە ئازیزی: پەیەدە بە دوای دەستکەوتی حزبییەوەیە.. ئەمانەتەکە ڕادەستی ڕژێم دەکەنەوە
رۆژانی رابردوو، شاندێكی رۆژئاوای كوردستان بۆ چارەنووسی ناوچە كوردستانییەكان سەردانی دیمەشقیان كرد و لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد كۆ بوونەوە، شارەزایەكی كاروباری سووریایش دەڵێ، پەیەدە ناچار بووە رۆژئاوای كوردستان رادەستی رژێم بكاتەوە، چونکە شەڕ كۆتایی دێت.

ھەر لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی سووریادا، پەیەدە بە رێككەوتن لەگەڵ رژێمی بەشار دەستی بەسەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستاندا گرت و بە ھەماھەنگی فەرمانگەكانی حكوومەت كشانەوە، بەڵام ئێستا رژێم دەیەوێ بگەڕێتەوە رۆژئاوای كوردستان.
دكتۆر كاوە ئازیزی، شارەزا لە كاروباری سووریا، لەسەر ئەو باوەرەیە کە، ھیچ رێگایەك لە بەردەم پەیەدەدا نەماوە جگە لە دیمەشق.
ئازیزی بۆ مالپەڕی فەرمیی دیموكراتی كوردستان، گوتی "ئەمەریكا بە پەیەدەی راگەیاندووە كە رەوشی خۆتان لەگەڵ سووریا چارە بكەن، كە مەبەست لێی رژێمی بەشار ئەسەدە، لەبەر ئەوەی ئەمەریكا بە كوردانی رۆژئاوای گوتووە ئێمە تا سەر لە سووریا نامێنین و دەكشێینەوە، پەیەدەش بە بێ ھیچ مەرجێك گەڕایەوە بۆ دیمەشق و چوونی ئەوانیش ھیچ بەرھەمێكی نەبوو جگە لە زیان، چونكە پێیان گوتراوە دەبێت رۆژھەڵاتی فۆڕات بە ئاشتیانە ڕادەست بكەنەوە".

ئەو شارەزایەی كاروباری سووریا گەیشتوە بەو باوەڕەش کە، ئەگەر پەیەدە بە ئاشتیانە نەكشێتەوە و ناوچەكە رادەستی رژێم نەكات، ئەوا بە زەبری ھێز لێیان وەردەگرنەوە، دەشڵێ، کە قسەی سەرانی رژێمی بەشار ئەسەد بووە لەگەڵ شاندی پەیەدە، چونكە ئەو ناوچانە بە ئەمانەت رادەستی پەیەدە كرابوون و ئێستا دەیانەوێنەوە و دەگەڕێنەوە شوێنی پێشووی خۆیان.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئازیزی، سەردانی شاندی پەیەدە بۆ شام و كۆبوونەوەیان لەگەڵ رژێمدا، بۆ دانوستان و چارەكردنی كێشەی كورد نییە و، وەک ئەو دەڵێ "بۆ پارە و چەك و دەستكەوتی حزبییە و ھیچ شتێكی دیكەی تێدا نییە لە بەرژەوەندیی رۆژئاوای كوردستان و پاشەڕۆژی كورد بێت لە سووریا، ئێستا ئەمەریكا و ڕووسیایش رازی بوونە بەوەی دەستەڵاتی رژێمی بەشار بگەڕێتەوە ناوچەكە، ھەتا بەر لە دوو مانگ بەرپرسێكی زۆر گەورەی مۆسكۆ بە شاندی ئەنەكەسەی راگەیاندبوو كە ھەموو خاكی سووریا دەگەڕێتەوە بۆ ژێر چنگی رژێم".

لەبارەی شاری ئیدلب و ھێرشكردنەسەر ئەو شارە، دكتۆر كاوە ئازیزی دەڵێت: "لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی دابێ، شەڕی ئیدلب دەست پێدەكات، چونكە ڕووسیا و توركیا و سووریا و ئەمەریكا دەیانەوێ بەرەی نوسرە تەواو بكەن و لە ئیدلب وەدەری بنێن، دواتر وا رێككەوتن كراوە شەڕ كۆتایی بێت و رژێم بگەڕێتەوە شوێنی خۆی، ئەگەر ئەوەش رووی دا، ئەوا ھیچ ھێزێكی سەربازی لە سووریا نامێنێت و بۆ كوردیش باشترە، چونكە دەستەڵاتی پەیەدە و ھەسەدە كۆتاییان دێت لە ڕووی سەربازییەوە و، كورد لە رێگەی سیاسییەوە دەتوانێت داوای مافەكانی بكات".
kdp-
Top