عادل شێخ فەرمان: لۆبیی کوردستانی بەهێز دەبێت

 عادل شێخ فەرمان: لۆبیی کوردستانی بەهێز دەبێت
ئێستا کوردستان لە ئاستی جیهاندا پێگەیەکی دیپلۆماسیی بەهێزی هەیە و خەڵک بە چاوێکی سیاسیی بەرز دەیبێنن و لە جیۆسیاسییەکەیشی لە دنیادا بووەتە ئارامترین شوێن. چاودێریکی سیاسی لە ئەورووپا دەڵێت، ئێستا پێگەی سیاسیی کورد و لۆبیی کوردستان لە دنیادا بەهێزە.

کوردستان وەک هەرێمێک توانیویەتی دڕەندەترین ڕیکخراوی تیرۆریستی لەنێو ببات و هەرچی کۆچبەر و ئاوارەی ناوەڕاست و باشووری عێراق لەخۆ بگریت، ئێستاش لە دنیادا چەند کەسایەتیی سیاسیی جیهانی پشتیوانی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان نیشان داوە. لەو بارەیەشەوە. عادل شێخ فەرمان کە چاودێرێکی سیاسییە و لە ئەورووپا نیشتەجێیە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "ئێستا پێگەی کورد لە دنیادا بەهێزە، بەتایبەت لە ئەورووپا. ئێستا لە نێو سیاسەتی ئەڵمانیا و چەند وڵاتی ئەوروپاییدا باس باسی پێگەی دیپلۆماسیی سیاسەتی کوردستانە و کوردستانیش لۆبییەکی باشی لە ئەوروپا هەیە."

کوردستان وەک یەکەم وڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا توانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام بدات و نێزیکەی ٩٣% دەنگی بەڵێ بەدەست بهێنیت.

لە فەرهەنگی ئۆکسفۆرددا ''لۆبی'' بە واتای سیاسی هاتووە و بەو کەس و گرووپانەی گوتووە کە گاریگەرییان لەسەر ئەندامانی پەرلەمان و یاسادانانەران هەبووە. ئەو چاودێرە سیاسییە گوتی: "ئێستا چەند گەنجی کورد لە نێو دەسەڵاتی وەڵاتانی ئەوروپادان و بڕیاریان لەدەستدایە و کورد لۆبییەکی بەهێزی هەیە و پێویستە بەهێزتریشی بکەن و زیاتر ڕێکی بخەن."

فەرمان دەڵێ: "ئێستا نەک کورد، بگرە ئەوروپییەکانیش هاوشێوەی کوردستانییەکان کار بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی کورد دەکەن لە ئەورووپا و، جێهان پشتگیریی وڵاتێک، یان هەرێمێکی پڕهەژمار دەکەن، کوردستانیش پرهەژماری ئایینی و نەتەوەییە."

لە شەڕی ڕیکخراوەی تیرۆریستی داعشدا چەندین وڵات پشتگیریی خۆیان بۆ کوردستان پێشان دا و بگرە هاوکاریی سەربازیشیان بۆ نارد، یەکێک لە ئامانجی ''لۆبی'' هەوڵدانە بۆ دانانی کاریگەری لەسەر وڵاتە زلهێزەکان بۆ ئەوەی لە ڕووی دارایی و سەربازی و کەلتوورییەوە پشتیوانیی ئەو وڵاتانە بەدەست بهێنن."

وڵاتانی دنیا گرینگییەکی گەورە بە دروستکردنی ''لۆبی'' دەدەن بۆ ئەوەی لە دەرەوە زیاتر پشتیوانییان لێ بکرێت و بتوانن گوشار بخەنە سەر سیاسەتی وڵاتان، زۆربەی شارەزایان دەڵێن لۆبییەکی بەهێز واتە وڵاتێک، یان هەرێمێکی بەهێز.

لەم سەردەمەدا ''لۆبیکردن'' بە یەکێک لەو سەرکەوتووترین چەکانە دادەنرێت کە نەک تەنیا وڵاتە سەربەخۆکان، بگرە کەمینەکانیش بە جیددی کاری لەسەر دەکەن

''بەهێزبوونی لۆبیی کورد پێویستە''

عادل ئاماژەیشی دا: "پێویستە لایەنەکانی کوردستان کار لەسەر بەهێزبوونی لۆبیی کوردستان و ڕێکخستنەوەی کوردانی تاراوگە بکەن، چونکە کورد چەندین کێشەی هەڵپەسێردراوی هەیە، ئەویش ڕیفراندۆم و دواتر ڕاگەیاندنی دەوڵەت."

ئامانج لە دروستکردن گرووپی لۆبیی کوردستانی بۆ ئەو مەبەستەیە کوردیش هاوشێوەی تەواوی وڵاتانی دنیا بتوانێت لە ڕێگەی لۆبییەکەیەوە شانبەشانی پارتە کوردستانییەکان قەناعەت بە جیهان بکات بۆ ئەوەی کوردیش ببێتە خاوەنی وڵاتی سەربەخۆی خۆی.

کوردستان وڵاتێکی پڕ لە ئەتنیک و ئایین و ئایینزایە و هەموویان نوێنەری خۆیان لە هەرێمی کوردستان هەیە و لەسەر ئەم پرسەش وڵاتانی دنیا پشتیوانیی کوردستانیان کردووە، چونکە یەکەم هەرێمە لە ناوچەکەدا بتوانێت ببێتە مەڵبەندێکی هەرەبەهێزی ناوچەکە بۆ پاراستنی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان.
kdp-
Top