پارتی: بۆ یەکلاکردنەوەی پێکهێنانی حکوومەت ئەمریکا و ئێران گرنگی بە هەولێر دەدەن
ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی، ڕايگەیاند: "ئێران و ئەمریکا گرنگی بە ھەولێر دەدەن، بەتایبەت ئەمریکا، باسی لەوە کردووە کە دەبێ کورد ڕۆڵی یەکلاکەرەوە ببینێت، لەبەر ئەوەی جگە لە لایەنی شیعە و سوننە، ئەمریکاش وەک لایەنێک ڕۆڵی سەرەکی لە پێکهێنانی حکوومەتی عێراقدا دەبینێت، بۆیە ھەست بەوە دەکات کە ڕۆڵی کورد لە داھاتووی سیاسیی عێراقدا گرنگە".
ئەو ئەندامەی سەکردایەتیی پارتی ئاشکرای کرد کە بە ڕاشکاوی بە هەموو لایەنێک و وڵاتانیش گوتراوە، ”ئێمە مەرجمان ھەیە و ئەویش پشتگیریکردنی داواکاریی کوردە، بۆیە کەسایەتییەکان گرنگ نین، واتە ئەوەی ئامادە بێت، گفتوگۆ و دانوستان بکات و داداکاریی کورد جێبەجێ بکات، پشتگیری دەکەین، ئەمریکاش زۆر بەجددی لەسەر ھێڵە و چاودێریی پێکھێنانی حکوومەت دەکات، بۆیە ئێمە مەرجی خۆمان پێ گوتوون کە لەگەڵ ئەو لایەنە داین کە پاڵپشتیی داواکاریی کورد دەکات، ئەگەر داواکارییەکانیشمان جێبەجێ نەکرێت، ئەوا لە پێکھێنانی حکوومەتدا بەشداری ناکەین، بەڵام ئەوان باس لەوە دەکەن کە بەبێ کورد، ڕێگە نادرێ حکوومەت پێکبھێنرێت".
ئاراس حەسۆ میرخان جەختی لەوە کردەوە کە ئێستا پێگەی ھەرێمی کوردستان بەھێزترە لە پێشتر، بەتایبەتیش بەهۆی ئەوەی ناو ماڵی شیعە یەک نییە و بەیەک ھاوپەیمانی بەشدار نین، بۆیە ”ئێستا ھەموو چاوەکان لەسەر کوردە".
باسنيوز
