سەرۆككۆمار ده‌یه‌وێت پێش ئه‌وه‌ی پەرلەمانی نوێ كۆ ببێتەوە سەرجەم كوتلەكان بگه‌نه‌ رێككەوتنێك

 	 سەرۆككۆمار ده‌یه‌وێت پێش ئه‌وه‌ی پەرلەمانی نوێ كۆ ببێتەوە سەرجەم كوتلەكان بگه‌نه‌ رێككەوتنێك
ڕاوێژكارێكی سەرۆككۆماری عێراق ڕایگەیاند، بڕیارە سەرۆككۆماری عێراق لە وادەی یاسایی خۆیدا پەرلەمان بۆ كۆبوونەوە ڕابسپێرێت، بەڵام دەیەوێت پێش راسپاردن، لەگەڵ هەموو لایەنەكاندا كۆ ببێتەوە.

پێش جەژنی قوربان، دادگای فیدراڵی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پەسەند كرد و بەپێی یاسا پێویستە لە ماوەی 15 ڕۆژدا پەرلەمان راسپێردرێت بۆ ئەوەی كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات.

لەو بارەیەوە، د. عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، ڕاوێژكاری سەرۆككۆماری عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو ماوە یاساییەی كە بۆ سەرۆككۆمار دەستنیشان كراوە بۆ ئەوەی یەكەم دانیشتینی پەرلەمان دیاری بكات، 15 ڕۆژە و سەرۆككۆماریش هەر لە ئێستاوە جموجۆڵی خۆی دەست پێكردووە بۆ ئەوەی وادەكە دیاری بكات و بڕیاریشی داوە تا سەرجەم كوتلەكان نەبینێت، هیچ بڕیارێك نەدات".

عەلیاوەیی گوتیشی، سەرۆككۆمار دەستی بە ئەنجامدانی دیدار كردووە و دوێنی لەگەڵ سەرۆكوەزیران كۆ بووەوە، پێش دوو رۆژیش سەرۆكی رەوتی حیكمەی بینی و بڕیارە شاندی هاوبەشی پارتی و یەكێتییش ببینێ، ئەمە جگە لەوەی ئەیاد عەللاوی و مالیكییش داوایان كردووە پەلە نەكرێت بۆ ئەوەی رێككەوتن ئەنجام بدرێت.

ڕاوێژكارەكەی سەرۆككۆمار، هەروەها دەشڵێ، مەبەستی سەرۆككۆمار لەو دیدارانە، بۆ ئەوەیە كە ڕای سەرجەم كوتلەكان وەرگرێت تا بگەنە رێككەوتنێك پێش ئەوەی پەرلەمانی نوێ كۆ ببێتەوە.


kdp-
Top