لەیلا بیرلیک پەرلەمانتارێکی پێشووی کورد داوای مافی پەنابەری لە وڵاتێک دەکات
بەپێی زانیارییەکانی میدیاکان، لەیلا بیرلیک، پەرلەمانتاری پێشووی شاری شڕناخی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، ڕۆژی چوارشەممەی هەفتەی ڕابردوو ٢٢ی ٨ی ٢٠١٨، لە ڕێگەی قاچاخەوە خۆی گەیاندووەتە شاری (ئۆرستیادا)ی یۆنان و دواتر خۆی ڕادەستی دامەزراوە فەرمییەکانی ئەو وڵاتە کردووە و داوای مافی پەنابەریی سیاسی کردووە.
بەرپرسانی یۆنان لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (بی بی سی تورکی) هەواڵەکەیان پشتڕاست کردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە پاش ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی یۆنان لە دۆسیەکەی لەیلا بیرلیک ئاگادار کراوەتەوە، سەرەتا دەست بەسەر کراوە، بەڵام دواتر ئازادیان کردووە، تاوەکوو کۆمسیۆنی پەنابەران بڕیار لەسەر دۆسیەکەی دەدات.
لەیلا بیرلیک پێشتر لە لایەن تورکیاوە بە تۆمەتی ”ناهەقیکردن“ بەرامبەر بە ئەردۆگان و پڕوپاگەندەکردن بۆ پەکەکە دەستگیر کرابوو، دواتر لە مانگی ١ی ٢٠١٧ بە شێوەیەکی مەرجدار ئازاد کرا و مافی گەشتکردنیشی بۆ دەرەوەی وڵات لەسەر پاسپۆرتەکەی لێسەندرایەوە.
باسنیوز
