بۆ ماوەی دوو ڕۆژ هاتوچۆی بازرگانی لە سنووری حاجی ئۆمەران ڕادەگیرێت

بۆ ماوەی دوو ڕۆژ هاتوچۆی بازرگانی لە سنووری حاجی ئۆمەران ڕادەگیرێت
گوتەبێژی كۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، ئاشكرای کرد، بە بۆنەی هاتنی جەژنی قوربان، بۆ ماوەی دوو رۆژ دەروازەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بە ڕووی بازرگاناندا دادەخرێت.



سیروان حوسێن، گوتەبێژی كۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران، راگەیاند، بە بۆنەی هاتنی جەژنی قوربان، لە رۆژانی جەژنی قورباندا واتە بەیانی سێشەممە 21/8/2018 تا ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 22/8/2018 دەروازەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران، بەڕووی بازرگانیدا دادەخرێت و رێگە بە بازرگانان نادرێت كاڵاو خۆراك پێیدا تێپەڕ بێت و دوای ئەم دوو رۆژە هاتوچۆی بازرگانی ئاسایی دەبێتەوە".



گوتەبێژی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، گوتیشی، هەرچەندە لەماوەی دوو رۆژی جەژن دەروازەكە بە رووی بازرگانیدا دادەخرێت، بەڵام هاتوچۆ بۆ گەشتیاران و هاووڵاتیان ئاسایی دەبێت و رێگرییان لێ ناكرێت.



پێشتریش بەرپرسانی سنووری لاوەکیی کێلی و سنووری نیودەوڵەتیی باشماخ ڕایان گەیاندبوو لە ڕۆژانی جەژندا هاتوچۆی بازرگانی ڕادەگیرێت، بەڵام هاتوچۆی گەشتار ئاسایی دەبێت.
bas news-
Top