عەلی عەونی: دەیانەوێ هەڵبژاردن نەکرێ و دواتر ئیرحەل لە حکوومەت بکەن

 عەلی عەونی: دەیانەوێ هەڵبژاردن نەکرێ و دواتر ئیرحەل لە حکوومەت بکەن
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، هەندێک لە لایەنەکان دەیانەوێ هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت و ”دواتر بە بیانووی ناشەرعیبوونەوە ئیرحەل لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەن“.



عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”بەپێچەوانەی لایەنەکانی دیکە، پارتی ئامانجەکەی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن، بۆ ئەوە نییە ئاخۆ بەرژەوەندیی خۆی تێدایە یان نا، چونکە ھەر شتێک بەرژەوەندی گەلی کوردستانی تێدا بێت، ئەوا بەرژەوەندی پارتیشی تێدایە، لەبەر ئەوەی ئێمە خۆمان لە گەل جیا نەکردووەتەوە، بەو جۆرەش تەماشای کێشەکە ناکەین، بەڵام ئەم بەڕێزانە ناکۆکیی قووڵیان لەگەڵ خۆیاندا ھەیە و دیاریشە ئەوان ساڵانی پار و پێرار، خۆپیشاندان و مانگرتنیان دژی حکوومەت دەکرد، دەیانگوت ئەم حکوومەتە نابێ بمێنێ و دەبێ بگۆڕێ، دەبێ ئینقازی وەتەنی بۆ دابنرێ و لە ھەموو ڕوویەک فەشەلی ھێناوە، لەگەڵ ئەوەشدا ھەر ئەوکاتە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، وەرن با ھەڵبژاردنی پێش وەخت بکەین، ئەوان ئامادە نەبوون، بەتەمابوون بە ئینقلاب حکوومەت بگۆڕن“.



ئەندامەکەی سەکردایەتیی پارتی، ئەوەشی خستە ڕوو کە ھەڵبژاردن ڕێگە چارەیەکی ئەقڵانییە و ھەموو وڵاتانی دونیا دەیگرنە بەر. گوتیشی: ”ئەوان دەیانەوێت پاش مانگێکی دیکە بێن لەبەر دەرکی سەرا دەست بە نوێژ بکەن و بڵێن ئەو حکوومەتە شەرعییەتی نەماوە و ھوتافی ئەڵاھوئەکبر لێ بدەن و ئیرحەل و ئورحەل بکەن، وەک پێشتر“.



پێشتر (باسنیوز) ئاشکرای کرد کە چەند فراکسیۆنێکی پەرلەمانی کوردستان بە نهێنی، سەرگەرمی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایەکن بە مەبەستی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.




باسنیوز
Top