ئه‌ندازیارێكی كورد داهێنانێك بۆ دەستپێوەگرتن بەوزە ده‌كات

ئه‌ندازیارێكی كورد داهێنانێك بۆ دەستپێوەگرتن بەوزە ده‌كات



ئه‌ندازیارێكی كورد داهێنانێك بۆ دەستپێوەگرتن بەوزە دەكات و داوا لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كەرتی تایبەت دەكات لەمەودوا لە دروستكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون و بیناسازیدا، كار بەو داهێنانەی بكەن، تاكو پێویست بەخەرجكردنی وزەیەكی كەمتر هەبێت.


موسلیم محه‌مه‌د ئه‌ندازیارێكی كوردە و له‌باره‌ی پڕۆژه‌كه‌یه‌وه‌ ڕاگه‌یاند "پڕۆژه‌یه‌كم ئاماده‌ كردووه‌ به‌ناوی (پاسیڤ هاوس دیزاین)، كه‌ ستانداری دروستكردنی بینایه‌ و تا ئاستێكی به‌رز پارێزگاری له‌ وزه‌ ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش كه‌شێكی ئارام و ئاسووده‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ دابین ده‌كات، كه‌ له‌ ناویدا ده‌ژین".


هەروەها ڕوونی كرده‌وه‌ "پڕۆژه‌كه‌م بۆ كوردستان زۆر گرنگه‌، چونكه‌ ئه‌و خانوانه‌ی كه‌ به‌م ستانداردی (پاسیڤ هاوس)ه‌ دروست ده‌كرێن، ڕێژه‌ی پێویستیان به‌وزه‌ له‌ چاو خانووه‌ ئاساییه‌كاندا له‌ 80% كه‌م دەبێتەوە، بۆ نمونه‌ ئه‌گه‌ر هاووڵاتیانی كوردستان له‌ خانوویه‌كی ئاساییدا ساڵانه‌ بایی یه‌ك ملیۆن دینار وزه‌ی (كاره‌با و نه‌وت) خەرج بكه‌ن، ئه‌وا له‌ پاسیڤ هاوسدا ساڵانه‌ ته‌نها بایی دووسه‌د هه‌زار دینار وزه‌یان پێویست ده‌بێت".


به‌گوته‌ی ئەندازیار موسلیم، ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌كه‌ی‌ ساڵ و نیوێكی خایاندووه‌، دوای ته‌واوبوونیشی پێشكه‌شی په‌یمانگه‌ی (پاسیڤ هاوس)ی كرد، كه‌ په‌یمانگه‌یه‌كی زانستیه‌ و له‌ زۆرێك له‌ وڵاتانی ئه‌ورووپا لقیان هه‌یه‌ و تایبه‌ته‌ به‌م بواره‌، ئه‌و په‌یمانگه‌یه‌ پڕۆژه‌كه‌یان قبووڵ كردووه‌ و وه‌ك تاكه‌ كه‌سێك له‌ عێراق و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بانگهێشتیان كردووه‌ بۆ هەریەك لە وڵاتانی ئه‌ڵمانیا و بولگاریا.


گوتیشی "بڕیاره‌ سبه‌ی شه‌ممه‌ گەشتەكەم بەرەو ئه‌ڵمانیا و بولگاریا دەستپێبكەم، بۆ ئەوەی گفتوگۆ له‌باره‌ی پڕۆژه‌كه‌م بكەین و كۆمه‌ڵیك كۆرسیش سه‌باره‌ت به‌م پڕۆژه‌یه ده‌بینم و تاقیكردنه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تییش له‌و بواره‌دا ئه‌نجام ده‌ده‌م، بۆیه‌ هیوادارم حكومه‌تی كوردستانیش هاوكاریم بكات و ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ فراوان بكه‌ین".
bas news-
Top