"کێشەی مووچەی خانەشینیی ھێزەکانی ناوخۆ چارە دەکرێت"
بە ھۆی کەمیی مووچەی بنەڕەِتیی ھێزەکانی ناوخۆ حکوومەت چەندین ڕێگەچارەی گرتووەتە بەر تا لە کاتی خانەنشینکردنیان ئەندامانی ھێزەکانی ناوخۆ لە مووچەیەکی شایستە سوودمەند ببن. لەو بارەیەوە دکتۆر سامی جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە پلانی وەزارەتەکەی بۆ چارەکردنی کێشەی کەمیی مووچەی کارمەندانی ھێزەکانی ناوخۆ گوتی: "ئێمە پێشنیارێکمان ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کردووە بۆ چارەکردنی ئەو پرسە و ئێستا سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران خەریکی دیراسەکردنی پێشنیارەکەی ئێمەیە و ئێمە ھێزەکانی ناوخۆ پشتڕاست دەکەینەوە و کێشەی کەمیی مووچەکانیان لە کاتی خانەنشینبوونیان چارە دەکرێت."
بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ دەشڵێت: "لە پڕۆژەیاسای چاکسازیی مووچەی خانەنشینیدا ئەو بابەتە باس کراوە، یان مووچەی خانەنشینی وەزارەتی ناوخۆ زیاد دەکرێت، یانیش ڕێگەی دووەم جێبەجێ دەکرێت، کە ئەویش جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی عێراقە، کە ھیچ مووچەیەک لە چوارسەت ھەزار کەمتر نابێت و بەرەوسەر دەبێت."
دکتۆر سامی جەلال، زانیارییەکی دیکەیشی لەبارەی مووچەی فەرمانگە مەدەنییەکانی سەر بە وەزارەتەکەی ئاشکرا کرد و ڕوونی کردەوە: "پێشنیارێکی دیکەمان بۆ حکوومەت بەرز کردووەتەوە تا مووچەی فەرمانگە مەدەنییەکانی سەر بە وەزارەت ھاوشێوەی ھێزەکانی ئەمنییەکانی دیکە بکرێت و زیاد بکرێت، واتە بەردەوام لەھەوڵداین بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی کارمەندانی وەزارەت."
kdp-
