"فڕۆکەیەک ٥ پێگەی پەکەکەی لە شنگال بۆردومان کرد"

بەرپرسی هێزی پاراستنی ئێزدیخان دەڵێت، کەمێک پێش ئێستا چەند فڕۆکەیەکی نەناسراو ناوچەی شلۆیان بۆردوومان کرد و تا ئێستا نازانرێت ئەو فڕۆکانە سەر بە چ لایەک بوون.

حەیدەر شەشۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "ئەمڕۆ فڕۆکەی نەناسراو ناوچەی شلۆ و سکێنی باشووری چیای شنگالیان بۆردوومان کرد و تا ئێستا نازانرێت قەبارەی زیانەکە چەندە."
حەیدەر شەشۆ گوتیشی: "بە پێی زانیارییەکانمان پەکەکە ڕێگاکەی گرتووە و ڕێگە نادەن خەڵک سەردانی ناوچەی زیانەکە بکات."

هیزەکانی پەکەکە پێشتر کشانەوەی خۆیان لە شنگال ڕاگەیاندبوو، لەسەر ئەم پرسە ڕیڤان وەڵات، بەرپرسی ڕاگەیاندنی هەپەگە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "بێگومان فڕۆکەی تورکین ناوچەکەیان بۆردوومان کردووە، بەڵام ئێمە نازانین قەبارەی زیانەکە چەندە."


لەو بارەیەوە، فەهد حامد، قایمقامی شنگال، کە لە لایەن حەشدی شەعبیەوە دانراوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "ئەو فڕۆکانە لە ناوچەی شلۆ لە چەند ئۆتۆمبێلکیان داوە، بە پێی زانیاریمان ئەو فڕۆکانە هی تورکیان، بەڵام پشتڕاست نین، ئەو ئۆتۆمبێلانەی وەبەر بوردوومانیش کەوتوون هی یەپەژە، باڵی سەربازیی پەکەکە بوون."

فەهد حامد ئەوەیشی گوت: "ئێستا هێزەکانی عێراق پێیان ڕاگەیاندین هیچ زیانێک بەر ئەوان نەکەوتووە، تەنیا زیان بەر پەکەکە کەوتووە."

ساهر شنگالی لە شوێنی ڕووداوەکە و لە شنگالەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "فڕۆکەکان تورکیایی بوون بۆردوومانی ٥ پێگەی پەکەکەیان کردووە و ئۆتۆمبێلێكیشیان بۆردوومان کرد، دەمانەوێت بچینە شوێنی ڕووداوەکە، بەڵام پەکەکە ڕیگە نادات لە شوێنی ڕووداوەکە نێزیک بینەوە."
kdp-
Top