سەرۆكی ئابووریناسان: ئابووریی كوردستان بووژاوەتەوە و ئاستی بازرگانییش بەرز بووەتەوە
نەوزاد شێخ كامیل، پەیوەست بە بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە، بهماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێستا هەرێمی كوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە لە گەشەكردندایە، ئەویش بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە، ئێمەش خاوەنی نەوتێكی باشین، هەروەها لە لایەن حكوومەتی عێراقیشەوە مانگانە 317 ملیار دەنێردرێت بۆ مووچە، هاوكات ئاستی بازرگانییش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەرز بووەتەوە، هەموو ئەوانە وا دەكەن ئابووریی كوردستان بەردەوام ببووژێتەوە".
لەگەڵ باشبوونی ڕەوشی ئابووریدا، حكوومەتی هەرێم هەنگاوی كەمكردنەوەی پاشەكەوتی لە مووچەی فەرمانبەران پیادە كرد و مانگانەیش لە كاتی خۆیدا مووچە دابەش دەكات، ئەو ئابووریناسە ئاماژە بەوە دەكات: "لە ئێستادا بازاڕی كوردستان جووڵەیەكی زۆر باشی تێكەوتووەتەوە، هاووڵاتیان بژێویی ژیانیان باشتر بووە، دەتوانین بڵێن ئێستا هەرێمی كوردستان لە حاڵەتێكی باشی ئابووریدایە".
لە چەند رۆژی رابردوودا، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، فەرمانی دەركرد بە تەواوكردنی كۆی ئەو باڵاخانانەی، كە بە هۆی قەیرانی داراییەوە كاركردن تێیاندا وەستابوو، نەوزاد ئەو بڕیارە بە زۆر گرینگ دەزانێت، چونكە دەستی كار لە وڵات زیاد دەكات، لە بەرانبەریشدا بێكاری بەرەو كەمبوونەوە دەڕوات، كە بە هۆی ڕاوەستانی پڕۆژەكانەوە، هەزاران كەس بێكار ببوون.
ئەو ئابووریناسە باوەڕیشی وایە، وردە وردە دەیان كۆمپانیا و كارگە دەكەونەوە كاركردن، كە دواجار گەشە بە ئابووریی كوردستان دەدات.
kdp-
