مەسعوود حەیدەر: بەپێی دەستوور کوردستان مافی خۆیەتی مامەڵە بە سامانە سروشتییەکانییەوە بکات

 مەسعوود حەیدەر: بەپێی دەستوور کوردستان مافی خۆیەتی مامەڵە بە سامانە سروشتییەکانییەوە بکات
ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، لەڕووی دەستوورییەوە هەرێمی کوردستان مافی شەرعیی خۆیەتی کە مامەڵە بە سامانە سروشتییەکانییەوە بکات، لەو ڕوانگەیەشەوە دادگای فیدراڵی لە دوا بڕیاریدا گلۆپی سەوزی بۆ هەڵکردووە.

دوای ئەوەی سەعد حەدیسی گوتەبێژی حکوومەتی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ دەزگایەکی میدیایی گوتی: "ئەو گرێبەستەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیای ڕوسنەفتی ڕووسی واژۆی کردووە دژ بە دەستوورە، هەروەها حەیدەر عەبادیش لە دوا کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیدا گوتوویەتی ئەو گرێبەستە نەوتییە نا دەستوورییە".

لەو بارەیەوە مەسعوود حەیدەر، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق ڕايگەیاند: "مادەی ١١١ و ١١٢ی دەستووری عێراق ڕوونە کە نەوت و غازی سامانە سرووشتییەکان موڵکی هەموو گەلانی عێراقە، لەگەڵ ئەوەشدا لە مادەی ١١٢دا هاتووە کە پێویستە بە هاوبەشی سیاسەتی نەوتی دابڕێژرێ، بەڵام باسی بڕگەی نوێی نەکردووە، بۆیە حکوومەتی عێراق ناتوانێت بە کەیفی خۆی لێکدانەوە بۆ دەستوور بکات".

ڕوونیشی کردەوە، لەڕووی دەستوورییەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان مافی شەرعیی خۆیەتی کە مامەڵە بە سامانە سروشتییەکانەوە بکات و گوتیشی: "لەسەر ئەو سکاڵایەی کە وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی ئەم بابەتە نەوتییە تۆماری کردبوو، دادگای فیدراڵی لە دوا بڕیاریدا دەتوانین بڵێین گڵۆپی سەوزی بۆ هەرێم هەڵکرد، بۆیە لەم حاڵەتەدا بەپێی دەستووری عێراق هەرێمی کوردستان بۆی هەیە گرێبەستی نەوت و مامەڵە بە دۆسیەی نەوتەوە بکات".

مەسعوود حەیدەر قسەکانی سەعد حەدیسی بە بابەتی سیاسییەوە بەند دەکات و دەڵێت: "بە دڵنیاییەوە ململانێی دەسەڵاتە و گوزارشتە لەسەر هەمان ئەو بۆچوونەی لە ساڵی ٢٠٠٧وە لەناو حکوومەتەکانی عێراقدا هەبوون، چونکە هەوڵیان داوە دۆسیەی نەوت مەرکەزی بێت، بۆ ئەوەی لە وەزارەتی نەوتی عێراقییەوە بەڕێوە ببرێت، هەروەک چۆن دۆسیەی داراییان کردووە بە دۆسیەیەکی مەرکەزی، ئەوەش پێچەوانەی دەستووری عێراقە".










باسنيوز
Top