داعش و حەشدی شەعبی دۆخی خانەقین و دەوروبەریان تێك داوە

 داعش و حەشدی شەعبی دۆخی خانەقین و دەوروبەریان تێك داوە
بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای گەیاند، لەلایەك تیرۆریستانی داعش و لەلایەكی دیكەشەوە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دۆخی خانەقین و دەوروبەریان تێك داوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 8/8/2018، جەعفەر شێخ مستەفا، بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی، ڕایگەیاند: "لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە تا ئێستا بارودۆخی ئەمنیی سنووری خانەقین و دەوروبەری خراپە و لە نوێترین كردەوەی میلیشیا شیعەكانی سەر بە حەشدی شەعبی لە سنووری گوندەكانی دەوروبەری خانەقین بەناوی داعشەوە هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتیان و دوای ئەشكەنجە و ئازاری خەڵكەكە دەستیان بەسەر چەكی هاووڵاتییاندا گرتووە، كە ئەو خەڵكە بۆ پاراستنی خۆیان چەكیان لە ماڵەوە هەبووە".

گوتیشی، دوێنێ سێشەممە لە خانەقین دوو بۆمبی چێنراو پێش تەقاندنەوەیان پووچەڵ كراونەتەوە، هەروەها بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، چەكداران لە خانەقین چوونەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەكی كورد كە خاوەنی نووسینگەی خانوبەرەیە و داوای پارەیان لێكردووە و لە ئەنجامدا چەكدارەكان ئەشكەنجە و ئازاری ژن و منداڵەكانیان داوە و دەستی كچێكیان شكاندووە تەنیا لەبەر ئەوەی پارەیان نەداوە بەو چەكدارانە، ئیتر ئەوە دۆخی سنووری خانەقینە.

هاوكات ئەو بەرپرسە، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، لەلایەكی ترەوە جموجۆڵەكانی داعش لە سنووری خانەقین بەردەوامە و لەلایكی ترەوە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دۆخی خەڵكیان لە هەموو ڕوویەكەوە تێكداوە و زیاتریش كوردەكان دەكرێنە ئامانج.











باسنیوز
Top