بەئامادەبوونی سەرۆك بارزانی مەراسیمی ساڵیادی ئه‌نفالكردنی بارزانییه‌كان دەستی پێكرد

 بەئامادەبوونی سەرۆك بارزانی مەراسیمی ساڵیادی ئه‌نفالكردنی بارزانییه‌كان دەستی پێكرد
پێش كەمێك بەئامادەبوونی سەرۆك مەسعوود بارزانی، لەسەر گۆڕستانی بارزانیانی ئەنفالكراو لە ناوچەی بارزان، مەراسیمی 35ەمین ساڵیادی ئەنفالكردنی بارزانییەكان دەستی پێكرد.

له‌ رێوڕه‌سمه‌كه‌دا كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوانی بارزانی و ژماره‌یه‌كی بەرچاو لە دیبلۆماتكارانی وڵاتانی جیهان ئاماده‌ن.


ساڵی 1979 رژێمی به‌عس ته‌واوی هۆز و تیره‌كانی بارزان، كه‌ خۆیان له‌ عه‌شیره‌ته‌كانی (به‌ڕۆژی، نزاری، مزووری، شێروانی، دۆڵه‌مه‌ری، گه‌ردی و وه‌ڵاتژێری) ده‌بینێته‌وه‌، به‌مه‌به‌ستی كپكردنی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و بێده‌نگكردنی هاواری كوردایه‌تی، له‌ ناوچه‌كانیان راگوێزرانه‌ كۆمه‌ڵگه‌ زۆره‌ملێكان، له‌ هاوینی ساڵی 1983، رژێمی روخاو هه‌ڵمه‌تێكی ره‌شبگیری له‌ هه‌ریه‌ك له‌ كۆمه‌ڵگه‌كانی "دیانه، هه‌ریر، به‌حركه‌ و قوشته‌په‌" ده‌ستپێكرد و له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا 8 هه‌زار بارزانی بێتاوانی ئه‌نفالكرد و به‌ هه‌زاران ئافره‌ت و منداڵیش له‌دوای ئه‌وان بێ سه‌رپه‌رشت مانه‌وه‌.


لەمبارەیەوە رێبوار رەمەزان بارزانی بەڕێوەبەری شەهیدان و ئەنفالكراوانی بارزان بە (باسنیوز)ی راگەیاندبوو وەك رێزگرتنێك ساڵانە ئەو یادە لە بارزان بەرز ڕادەگیرێت و ئەمڕۆش كاتژمێر 5 لە گۆڕستانی ئەنفالی بارزانییەكان لە بارزان لە ئاستێكی باڵادا ئەم یادكردنەوەیە بەڕێوە دەچێت و بەرز رادەگیرێت.

بەڕێوەبەری شەهیدان و ئەنفالكراوانی بارزان گوتبووی لە ڕێوڕەسمەكەدا لەلایەن خانەوادەی ئەنفالكراوەكانەوە داوای یەكڕیزیی ناو ماڵی كورد لە حزب و لایەنەكان دەكرێت، هەروەها داوای قەرەبووی مادی و مەعنەوی كەسوكاری ئەنفالكراوان، لە حكوومەتی بەغدا دەكەین، كە مادەی (132) تایبەتە بە قەربووكردنەوەی كەس و كاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و جینوساید، كەچی بەداخەوە تائێستا جێبەجێ نەكراوە.











باسنيوز
Top