بایز زراری: پێشبینیی دەنگی زیاتر بۆ پارتی دەکەین لەو ھەڵبژاردنەی دادێ

 	 بایز زراری: پێشبینیی دەنگی زیاتر بۆ پارتی دەکەین لەو ھەڵبژاردنەی دادێ
پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەکارییەکانی بۆ پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولی پەرلەمانی کوردستان دەست پێ کردووە و بەرپرسێکی پارتیش ئاشکرای کرد، دڵنیاین لەوەی لیستی پارتی لە ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی کوردستاندا یەکەم لیستی براوە دەبێت و ڕکابەریشی نییە.

لەوبارەیەوە بایز زراری، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە پارێزگای ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئامادەکردنی لیستی کاندیدانی پارتی بۆ پەرلەمانی کوردستان، ئورگانەکانی پارتی ئامادەکاری دەکەن بو پڕۆسەی ھەڵبژاردن و ئێمە ڕژدین لەسەر بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ھەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا، ٣٠ی ئەیلوولی داھاتوو، دڵنیاین لەوەی لیستی پارتی لە ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی کوردستاندا یەکەم لیستی براوە دەبێت و ڕکابەریشی نییە، لەبەر ئەوەش پێشبینی دەکەین زۆرترین دەنگ بەدەست بێنین."

لە ھەڵبژاردنەکانی ڕابردووی عێراق و کوردستاندا پارتی لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان لە دوای ڕاپەڕینەوە براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکانە و بەرپرسەکەی پارتی ئەوەی بۆ ئەو جەماوەر و دەنگدەرە خۆڕسکەی پارتی گەڕاندنەوە و دەڵێت: "جەماوەری پارتی جەماوەرێکی خۆڕسکی نەگۆڕە، ئەوەی دیکە دەمێنێتەوە سەر شێوازی بانگەشەی پارتی بۆ ھەڵبژاردن، نایشارینەوە ھەندێ ئەزموونی ھەڵبژاردنی ڕابردووی پەرلەمانی عێراقمان لەبەرچاو گرتووە و کاری بو دەکەین، ئەو ھەڤاڵانەی پارتی کاندیدی کردوون کەسانی بەھێزن و ئەوانیش کاریگەرییان دەبێت لەسەر کۆکردنەوەی دەنگ بۆ لیستی پارتی و قورساییی خۆیان ھەیە."

بڕیارە ڕۆژی ٣٠ی ئەیلوولی داھاتوو پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت و پارتی بە لیستی ١٨٣ بەشداری دەکات. بایز زراری ئاماژەی بو ئەوە کرد: "ھەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمانی کوردستان ھەندێک چارەنووسسازە بو ھەموو لایەنەکان بەگشتی، چونکە ئێمە پێشبینی دەکەین ڕێژەی کۆرسییەکانمان بگاتە ئەو ئاستەی حکوومەت پێک بێنین، باڵانسی ھێز لە بەرژەوەندیی پارتی دەگۆڕێت، چونکە پارتی حزبێکی ڕێکخراوی تۆکمەیە و زیاتر لە لایەنەکانی دیکە پلان و بڕیاری یەکگرتووی ھەیە، ئەوەش وا دەکات ھەڵبژاردن لە بەرژەوەندیی پارتیمان بشکێتەوە."
kdp-
Top