گۆڕان بۆ جنێودان بە پارتی ٣ هەزار دۆلاری مانگانە بە کەسێکی یەکێتی دەدا

 گۆڕان بۆ جنێودان بە پارتی ٣ هەزار دۆلاری مانگانە بە کەسێکی یەکێتی دەدا
بزووتنەوەی گۆڕان ڕۆژنامەنووسێک دەکات بە بەرپرسی نووسینگەی هەولێری کەناڵی KNN و بڕی ٣ هەزار دۆلاری مانگانەی پێ دەدات، تەنیا لە بەرامبەر جنێودانی بە پارتی دیموکراتی کوردستان.

شەوقی کانەبی، ڕۆژنامەنووس و بەرپرسی پێشووی نووسینگەی هەولێری کەناڵی (KNN) کە ئێستا بە شێوەی ڕۆژانە، ڕاستییەکانی ئەو بزووتنەوەیە بۆ خەڵکی کوردستان ئاشکرا دەکات، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە، ئەو کاتەی گۆڕان بەشداری لە حکوومەتدا کرد، ”چونکە کاتی دابەشکردنی پۆست و ئیمتیازات بوو“، خەڵکی زۆر نامۆ دەکەوتوون، بۆیە ڕۆژێک لەوە ئاگادار کراوەتەوە کە کەسێک لە ڕیزەکانی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە چووەتە نێو گۆڕان و کراوە بە بەرپرسی نووسینگەی کەناڵەکە لە هەولێر.

ئەوەشی ئاشکرا کردووە: ”ئەوەی سەرنجڕاکێش بوو، مانگانە ٣ هەزار دۆلار مووچەکەی بوو کە دەیکردە سێ بەقەد مووچەکەی ئێمە. سەری مانگ ھات، بڕی مزوچەکەی بە دینار بۆ حیساب کرابوو، ڕازی نەبوو پارەکە وەرگرێت، دەیگوت بە گەڵا لەگەڵتان رێککەوتووم“.

شەوقی کانەبی ئەوەشی درکاندووە کە دوای ماوەیەک، پرسیاری لەبارەی (ش.ش) کردووە کە لە نێو یەکێتییەوە چووە نێو گۆڕان، ئاخۆ لەبەرچی ئەو بڕە پارە زۆرەی پێ دەدەن؟ لە بەرامبەردا زانیویەتی کە ”ئەو پیاوە زۆر موھیمە، بە عەرەبی لە سایتە عەرەبییەکان جنێو بە پارتی و حکوومەتی کوردی دەدات“. دەشڵێت: ”دوای ماوەیەک، بەهۆی ئەوەی گۆڕان ئەو ڕۆژنامەنووسەی نەکردووەتە ڕاوێژکار لە پەرلەمان، ڕۆژنامەنووسەکە گەڕاوەتەوە نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان“.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر بە شێوەیەکی بەردەوام، نووسەران و چالاکان ڕەخنەی ئەوەیان لە بزووتنەوەی گۆڕان گرتووە کە بە تەواوی پشت بە جنێودان و ئاستێکی نزمی ئەدەبیاتی قسەکردن دەبەستێت. بەڕادەیەک لە ڕۆژی ٢٤ی ئاداری ٢٠١٨، عەزیز رەئوف، نووسەری سلێمانی، لە وتارێکیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ”هیچ هێزێک بارتەقای گۆڕان ئەندامی جنێودەری تێدا نییە“ و ”ئەگەر کەسیان دەست نەکەوێ، جنێو بە خۆیان دەدەن“.










باسنيوز
Top