شارەزایانی بواری مێژوو: مسته فاى بارزانیی، بووەتە هێمایەك بۆ خەباتی نەتەوایەتی
مستەفا بارزانی، كوڕی شێخ محەممەد بارزانییە كە لە گوندی بارزان لە 14ـی ئاداری ساڵی 1903 لە دایك بووە، لە تەمەنی 3 ساڵیدا لەلایەن عوسمانییەكانەوە لە دوای جووڵانەوەی بارزان، لەگەڵ شێخ عەبدولسەلامی براگەورەی دەستگیر دەكرێت و، مستەفا بارزانی لەگەڵ دایكی لە مووسڵ دەخرێنە زیندانەوە، شێخ عەبدولسەلامیش لە سێدارە دەدرێت و، لە دوای ئەویش مەلا مستەفای بارزانی دەبێتە قوتابیی شێخ ئەحمەدی براگەورەی، كە وەك مامۆستایەك رێنمایی و پاڵپشتیی دەكات.
د. ئەرسەلان قاسم، مامۆستای زانكۆ لە سۆران و شارەزا لە بواری مێژوو دەڵێ، بارزانیی نەمر سەركردەیەكی مەیدانی بوو، بڕوای تەواوی بە پێكەوەژیان هەبوو و كاری بۆ كردووە، هەموو كاتیش دادپەروەر و یەكسانخواز بووە، سەركردەی مەیدانی جەنگ و سیاسەت بووە، ئەو سەركردەیە رابەرایەتیی بزافی رزگاریخوازی كوردستانی بۆ ماوەی نیوسەدە لە پێناوی دەستەبەر كردنی ژیانێكی ئازاد و پڕسەرفرازی بۆ گەلی كوردستان، كردووە.
د. ئەرسەلان دهشڵێ، "بارزانیی نەمر رەمزی یەكبوونی گەلی كوردستان بووە، تەنانەت پاش كۆچباربوونیشی بووەتە هێمایەك بۆ خەباتی نەتەوایەتیی كورد لە هەموو جیهاندا و، بووەتە پاڵپشت بۆ خەباتی نیشتیمانیی گەلی كوردستان، بارزانی بە نەمری لەناو میللەتەكەیدا و، بە مەزنی لەناو مێژووی جیهاندا مایەوە، ئەوەیش بەهۆی كۆمەڵێك بنەمای پتەو و پرەنسیپی راست و دروست و هەڵوێستە مرۆدۆستییە مەزنەكانییەوە، كە لە چوارچێوەی رێبازەكەیدا بۆ كوردستان و مێژووی ئازادیخوازان و نەوەكانی دواڕۆژی بەجێ هێشتووە.
عەبدوڵڵا سلێمان، پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان گوتی، ئازایەتی و بڕوابەخۆبوون و ئیمان بەحەق و عەدالەتخوازی و خەباتكردن لە دژی زۆردار و رەتكردنەوەی ژیانی بندەستی، لەو خەسڵەتە دیارانەی بارزانیی نەمر بوون كە لە مەكۆی بارزان و لە قوتابخانەی خۆنەویستی و شۆڕشگێڕیدا پێی گۆش كرابوو، دواتر هەر ئەو بنەمایانە بوون كە بە هۆیەوە بارزانیی نەمر دید و پەیڕەوێكی بۆ بزافی رزگاریخوازی كوردستان رەنگڕێژ كرد، كە ئەمڕۆ لە هەر كاتێكی تر زیاتر لە رۆحی سەردەم و بەها بەرزەكانی مرۆڤایەتی و شارستانییەوە نزیكە.
عوسمان عەزیزیش، كە پێشمەرگەیەكی دیكەی شۆڕشی ئەیلوولە گوتی، "بارزانیی نەمر هەموو تەمەنی لە پێناو خەباتی نەتەوەیی و رزگاریی گەلی كوردستاندا بەخشی و، تا دواساتەكانی تەمەنیشی بیر و فكری هەر لای نەتەوەكەی بووە، بە هۆی لێزانی و زیرەكایەتی و ملكەچنەكردنی بۆ دوژمنانی گەلی كورد، دوو جار لە هەوڵی تیرۆركردن رزگاری بووە، ئەوەی پێی كراوە بۆ نەتەوەكەی و پێی باش بووە كردوویەتی، بۆیە بارزانیی نەمر هێمای گەلێكی بەشخوراو و زۆرلێكراو بوو كە جیهان لە رێگەی ناوی ئەوەوە كوردی ناسی.
عەزیز، ئاماژەی بەوەیش دا، بارزانی جیاوازی لە نێوان كورددا نەهێشت، توانی پێكەوەژیان و تەبایی لە نێو گەلی كورددا دروست بكات، هەموو ژیانی خۆی لە پێنا كورد و كوردستان تەرخان كردبوو و هەموو كات ویستوویەتی كورد سەربەخۆ بێت، هەروەها هەمیشەیش دڵی لەگەڵ ئەو پێشمەرگەیەدا بووە كە لە سەنگەردایە.
باسنيوز
