عەبادی بڕیاری کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانی دا

 عەبادی بڕیاری کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانی دا
سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاری کردنەوەی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی، دا.

بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، رۆژی سێشەممە 13/3/2018 حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ ژمارەیەک ئەفسەری هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی، کۆ بووەتەوە.

هەروەک میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردووەتەوە، حەیدەر عەبادی دوای کۆبوونەوەکە، بڕیاری کردنەوەی هەردوو فڕۆکەخانەکەی هەرێمی کورداستانی بە رووی گەشتە نێودەوڵەتییەکان، داوە.

سەرچاوەیەک بە کەناڵی (کوردستان 24)ی راگەیاندووە، کە بەپێی بڕیارەکەی حەیدەر عەبادی، رۆژیپێنجشەممە 15/3/2018 گەشتە نێودەوڵەتییەکان لە هەردوو فڕۆکەخانەکە دەست پێ دەکەنەوە.

هەر ئەمڕۆ سێشەممە رۆژنامەی حەیاتی لەندەنی بڵاوی کردەوە، کە ئەو ئەفسەرانەی پێشتر سەرپەرشتیی ئاسایشی هەردوو فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانیان دەکرد، راژەکانیان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە گواستراوەتەوە وەزارەتی ناوخۆی عێراق.

دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە 25ـی ئەیلوولی 2017، کە تێیدا زیاتر لە %92ـی دەنگدەران دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان و جیابوونەوە لە عێراق دا، حکوومەتی عێراق چەندین سزا و گەمارۆی بەسەر گەلی کوردستاندا سەپاند، لەوانە؛ داخستنی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی ھەولێر و سلێمانی و بڕینی بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان بە تەواوی.










باسنيوز
Top