سەنتەری دیموکراسی: یەپەگە رێگا بە چوونە دەرەوەی هاووڵاتییان لە عەفرین نادات

 سەنتەری دیموکراسی: یەپەگە رێگا بە چوونە دەرەوەی هاووڵاتییان لە عەفرین نادات
سەنتەری دیموکراسی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان رایدەگەیەنێت، کە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) رێگا نادا هاووڵاتییانی شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان لە شارەکە بچنە دەرەوە.



بەپێی راگەیەندراوێکی سەنتەرەکە، ، تۆپباران و گەمارۆدانی عەفرین لەلایەن سوپای تورکیا و گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەر عەفرین بەردەوامە.



سەنتەری دیموکراسی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان جەختی لەوە کردووەتەوە، هاووڵاتییانی عەفرین هەوڵی خۆ دەربازکردن لە شەڕ دەدەن و بەرەو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رژێمی سووریا بچن، بەڵام ”یەپەگە رێگا بە هاووڵاتییان نادات لە شارەکە بچنە دەرەوە“.



ئەو سەنتەرە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بەهۆی شەڕ و تۆپبارانی سوپای تورکیاوە، لە رۆژی دووشەممە 12/3/2018 (رۆژی 52ـینی هێرشەکە)، چوار شەڕڤانی یەپەگە و چوار هاووڵاتی، گیانیان لەدەست داوە.



لە رۆژی 20/1/2018ـەوە، سوپای ئازادی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و سوپای تورکیا بە بەکارھێنانی ھێزی ئاسمانی، زەمینی و تۆپخانە، لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی (چلە زەیتوون)، ھێرشیان کردووەتە سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان.




باسنیوز
Top