حەشدی شەعبی بۆ سەركوتكردنی كوردانی کەرکووک لە نەورۆزدا دوو لیوای تری بۆ ئەو شارە هێنا

 حەشدی شەعبی بۆ سەركوتكردنی كوردانی کەرکووک لە نەورۆزدا دوو لیوای تری بۆ ئەو شارە هێنا
گوتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی لە كەركووك، ڕای دەگەیەنێت، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بۆ سەركوتكردنی كوردەكان لە نەورۆزدا، دوو لیوای تریان بۆ ئەو شارە هێنا.

عەدنان كەركووكی، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی لە كەركووك-گەرمیان، ڕايگەیاند: "ئەمڕۆ دووشەممە 12/3/2018، رۆژی جلی كوردی لە كەركووك پیرۆز كرا و خەڵكێكی زۆر بە تایبەت قوتابییان بە جلی كوردییەوە چوبوونە دەوام، وەك تەحەدایەكیش ئاڵای كوردستانیان هەڵكردووە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە فەرماندەی پرۆسەكانی كەركووك ڕای گەیاندبوو، جگە لە ئاڵای عێراق نابێت هیچ ئاڵایەكی تر هەڵبكرێت، بەڵام خەڵك بەحەماسە و تەحەدا دەكات و ئەوەش جێگەی دەستخۆشییە كە لەو بارودخەدای ئێستای كەركووك، ئاڵای كوردستان هەڵبكەن، بەبێ ئەوەی هیچ پاڵپشتییەكی سەربازیان هەبێت".

گوتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی لە كەركووك-گەرمیان، ئەوەشی خستە روو، کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دوو لیوای هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرای سەر بە حكوومەتی عێراقیان بۆ كەركووك هێناوە، بۆ سەركوتكردنی كوردانی كەركووك بە تایبەت لە بۆنەكانی ئادار و نەورۆزدا كاتێك كە كوردانی كەركووك چالاكی دەكەن و دەچنە سەیرانگاكان ئەوانیش خۆشی خەڵك بە ڕەوا نابینن.

ئاشکراشی کرد، کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی زیاتر لە شەواندا هەڵدەكوتنە سەر گەڕەكە كوردنشینەكانی كەركووك، بە بیانووی جۆراو جۆر، ئەوان سووكایەتی بە خەڵك دەكەن و دەستگیریان دەكەن و تەنانەت میلیشیاكان خەڵكی دەمامكدار و چاوساخیشیان لەگەڵە.

ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، كه‌ركووك كه‌وته‌ ژێر ده‌ستی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی عێراق، دواتر هه‌ریه‌ك له‌ كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ عه‌لی، جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتیی یه‌كێتی و شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فا، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی 70ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، ئاشكرایان كرد كه‌ گرووپێكی نێو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌مه‌دا به‌رپرسیارن و ڕێككه‌وتنی ژێربه‌ژێریان له‌گه‌ڵ میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی عێراق كردووه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ سه‌دان پێشمه‌رگه‌ و هاووڵاتی شه‌هید و بریندار بوون و نزیكه‌ی 200 هه‌زار كه‌سیش ئاواره‌ بوون.










باسنيوز
Top