سەرکردەیەکی یەکێتی: کۆنگرەی چوارەم دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە
ئاسۆس عەلی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی ڕاگەیاند، زەحمەتە یەکێتی لە مانگی چواردا بتوانێت کۆنگرە ببەستێت، بەڵام ئەگەرێکی زۆر ھەیە کە کۆنگرەی یەکێتی بکەوێتە دوای ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە“.
بە گوتەی ئەو، باسکردنی کۆنگرە بە شێوەیەکی جددی بۆ ئەوەیە کە ئەوان توێژی گەنجان ببەنە پێشەوە و ”ڕێبازەکەی مام جەلال تۆختر بکەینەوە و ھەوڵی ئەوەش دەدەین، بە شێوەیەکی سەردەمیانە گەشە بە یەکێتی بدەین“.
جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەوان کار بۆ کەمکردنەوەی باڵباڵێنی نێو یەکێتی دەکەن.
لە ماوەی ڕابردوودا هەرچەندە باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد، لە ڕۆژی 5/3/2018دا کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی ببەسترێت، بەڵام باڵەکانی دیکەی یەکێتی لەسەر ئەو وادەیە کۆک نەبوون و سەرەڕای چەند نامەیەکی توندی نێوان هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، تاوەکوو ئێستا یەکێتی نەیتوانیوە وادەیەک بۆ کۆنگرەی چوارەمی خۆی دیاری بکات.
باسنیوز
