پەرلەمنتارێک: مەعسوم واژۆ بکات یان نا بودجە کاری پێ دەکرێت

 پەرلەمنتارێک: مەعسوم واژۆ بکات یان نا بودجە کاری پێ دەکرێت
پەرلەمانتارێکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا رایدەگەیەنێت، کە سەرۆک کۆمار واژۆ بکات یان نا، بودجە کاری پێ دەکرێت.



مەنسوڕ بەعێجی، پەرلەمانتاری عێراق و سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاسا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، کە بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2018 لە ماوەی 15 رۆژدا لەدوای پەسەندکردنی لە پەرلەمان، کاری پێ دەکرێت.



مەنسوڕ بەعێجی هەروەها رایگەیاندووە، بەپێی یاسا، ئەگەر فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عێراق لەماوەی ئەو 15 رۆژەدا یاساکە واژۆ نەکات، ئەوا بەشێوەیەکی خۆکار (ئۆتۆماتیکی) یاساکە دەچێتە بواری جێبەجێکردن و کاری پێ دەکرێت.



بەپێی یاساکانی عێراق، ئەگەر تا رۆژی 18/3/2018 (شەش رۆژی دیکە)، فوئاد مەعسوم واژۆ لەسەر یاساکە نەکات، ئەوا یاساکە بەشێوەیەکی خۆکار دەچێتە بواری جیبەجێکردن و پێویستیی بە واژۆی فوئاد مەعسوم نابێت.



شەوی شەممە 10/3/2018، فوئاد مەعسوم لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی (سۆمەرییە نیوز)دا رایگەیاند، تەنیا لێکۆڵینەوە لە کێشە تەکنیکییەکانی یاسای بودجەی عێراق دەکات و کاری بەسەر کەمکردنەوەی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستانەوە نییە.



رۆژی شەممە 3/3/2018، پەرلەمانی عێراق بەبێ رەچاوکردنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و پێکهاتەی سوننەمەزهەبی عێراق، بودجەی وڵاتەکەی بۆ ساڵی 2018 پەسەند کرد.



بودجەی عێراق بۆ 2018، 104 تریلیۆن و 158 ملیار دینارە، لەو بەشە تەنیا شەش تریلیۆن و 597 ملیار دینار بۆ ئەمساڵی کوردستان دانراوە. ئەوەش لەکاتێکدا لە کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەدا بڕیاردرابوو یەک تریلیۆنی دیکە بۆ پشکی کوردستان زیادبکرێت، بەڵام پەرلەمان ئەو بڕیارەی جێبەجێ نەکرد.




باسنیوز
Top