ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، دوو سكاڵا لەسەر عەبادی تۆمار دەكات
لە 16ـی ئۆكتۆبەردا، هێزە عێراقییەكان و حەشدی شەعبی بە فەرمانی سەرۆكوەزیرانی عێراق هێرشی سەر كەركووكیان كرد و داگیریان كرد، ئەمەیش بە بێ هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگا و ئیدارەی كەركووك، بۆیە لە دوای ئەو ڕووداوانەوە تاوەكوو ئێستا بەردەوام خەڵك تیرۆر دەكرێت، كوشتن بەردەوامە و رفاندن هەیە، دزیكردنیش زۆر زیادی كردووە و دۆخی ئەمنیی شارەكە بە تەواوەتی تێك چووە..
ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە لیستی برایەتی، دڵشاد بیرۆت، رايگەیاند: "دۆخی كەركووك زۆر خراپە و ئەمە تەنیا ئێمە نین باسی لێوە دەكەین و پارێزگاری كەركووكیش بە وەكالەت و بەرپرسانی دیكەی شارەكەیش، خۆیان بەردەوام لەبارەی تێكچوونی دۆخی كەركووكەوە لێدوان دەدەن، ئەمەیش مەترسییەكی گەورەیە و خەڵك لە شارەكە ڕادەكەن و بەشێكیان ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوونە".
بیرۆت گوتیشی: "ئێمە پێشتر بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و گەڕاندنەوەی بۆ پێش 16ـی ئۆكتۆبەر، داواكارییەكی چوار خاڵیمان پێشكەشی سەرۆكوەزیران كرد، بەڵام وەڵامی نەدایەوە، بۆیە ئێمەش بەو هۆیەوە لە دادگای سزادانی عێراق و دادگای فیدراڵی سكاڵای لەسەر تۆمار دەكەین، چونكە دەستووری پێشێل كردووە و زیانی بە خەڵك گەیاندووە".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەشڵێ: "سەرۆكی ئەنجوومەن و شەش ئەندامی لیستی برایەتی، سكاڵامان ئامادە كردووە كە لەم حەفتەیەدا و لە رێگەی پارێزەرانی خۆمانەوە لە دادگای فیدراڵی، سكاڵا لەسەر سەرۆكوەزیران تۆمار دەكەین و هەر لەم رۆژانەیشدا لەبارەی زیانگەیاندن بە خەڵكی كەركووك، لە دادگای سزادانی عێراقی سكاڵا تۆمار دەكەین".
دڵشاد بیرۆت، هەروەها ڕوونیشی كردەوە: "هێزە عێراقییەكان بە بڕیاری سەرۆكوەزیران هاتنە شارەكە بە بێ رەزامەندیی ئەنجوومەن، ئەمە پێشێلكردنی دەستوورە و، دۆخی ئەمنیی شارەكە كێشەی نەبوو، بەڵام تێكی دا و چەندین جاریش لەو ماوەیەدا دەستووری پێشێل كردووە، بۆیە ئێمەیش ئەمانەمان هەمووی كردووەتە بەڵگە و دەیدەینە دادگا، بە تایبەت هاتنی هێز بۆ كەركووك كە بە بێ هەماهەنگیی پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگا بووە، بۆیە ئەمە داگیركردنی كەركووكە".
KDP
