سبەی شاندێكی حكوومەتی عێراق سەردانی هەولێر دەكات

سبەی شاندێكی حكوومەتی عێراق سەردانی هەولێر دەكات

بڕیاره‌ سبه‌ی یەكشەممە شاندێكی حكوومه‌تی عێراق سه‌ردانی هەولێر بكات، بۆ ئەوەی رێكارەكانی گه‌یشتن به‌ رێكه‌وتن و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان بگرنەبەر.


میدیاكانی عێراق هیچ وردەكارییەكیان لەبارەی سەردانی شاندەكەی سبەی نەدركاندووە، بەڵام چاوەڕوان دەكرێ درێژكراوەی شاندەكانی پێشوو بێت.


ئەم سەردانە دوای چەند رۆژێك لە لێدوانەكەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران دێت لەبارەی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە پێش نەورۆزدا، لە كاتێكدا گومان و نەبوونی متمانە بە قسەكانی بەغدا، لە كاریگەری بەڵێنەكەی عەبادی كەم كردووەتەوە.


لە ئەنجامی سەردانەكانی پێشووتری چەند شاندێكی هەولێر بۆ بەغدا و شاندی بەغدا بۆ هەولێر، جۆرێك لە لێكتری نزیكبوونەوە لەلایەن هەردوو حكوومەت دروست بووە.


دوابەدوای خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەر لەلایەن پاڤڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی و چەند كەسێكی نێو یەكێتی، داگیركردنی كەركووك لەلایەن حەشدی شیعی و سوپای پاسداران و سوپای عێراقەوە، بەغدا دەستی ئاوەڵا بوو بۆ دروستكردنی گوشاری زیاتری ئابووری و سیاسی بۆ سەر هەرێمی كوردستان.
bas news-
Top