"یادكردنەوەی جلوبەرگی كوردی لە كەركووك قەدەغەیە و پشكنینێكی چڕی قوتابیان دەكرێت"
ساڵانە یادی رۆژی جلوبەرگی كوردی لە سەرجەم شار و چارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بە چەندین چالاكی و لەبەركردنی جلوبەرگی كوردی دەكرێتەوە، لە كەركووكیش هەموو ساڵێك لەو رۆژەدا قوتابیانی زانكۆ جلوبەرگی كوردی دەپۆشن، بەڵام بۆ ئەمساڵ رێگە بە قوتابیانی زانكۆی كەركووك نەدراوە ئەو یادە بكەنەوە و جلوبەرگی كوردییان لێ قەدەغە كراوە.
لەو بارەیەوە، عەدنان كەركووكی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك_ گەرمیانی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "سەرۆكی زانكۆی كەركووك بڕیارێكی دەركردووە و گشتاندنی بۆ هەموو زانكۆكان كردووە، بەوەی كە نابێت رێگە بدرێت یادی رۆژی جلوبەرگی كوردی بكرێتەوە و، هەر كەسێك بیەوێت ئەویادە بكاتەوە، پێویستە رێگری لێ بكرێت.
كەركووكی گوتیشی: "پرۆسەی بەعەرەبكردن بەردەوامە و رێگە نادەن كورد جلوبەرگی خۆی لەبەر بكات و ئاڵای كوردستانیش قەدەغەكراوە، هەروەها عەرەب بەردەوامی هاوردە دەكرێن و كورد لاواز دەكرێت، ئەمەیش هەمووی لەبەر ئەوەیە ئەو شارە تەعریب بكەن".
لای خۆیشیەوە، بەڕێوەبەری ئاساییشی ناوچەی ئازادی لە كەركووك، عەقید كاوە مەلاپەروێز، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "راستە یادكردنەوەی رۆژی جلوبەرگی كوردی قەدەغە كراوە و رێگەیش بە هیچ كەسێك نادرێت لە كەركووك ئەو یادە بكاتەوە، هەر كەسێكیش یادەكە بكاتەوە، رێگری لێ دەكەن".
مەلاپەروێز گوتیشی: "ئەمڕۆ ژمارەیەكی زۆری قوتابیانی زانكۆی كەركووك وەكوو ساڵای رابردوو ویستوویانە بە جلوبەرگی كوردییەوە بچنە زانكۆ، بەڵام رێگەیان بە هیچیان نەداوە و هەمووانیان گەڕاندووەتەوە، جگە لەوەیش پشكنینێكی زۆر چڕی قوتابیان دەكرێت و، ترسیان هەیە بە دزییەوە جلوبەرگی كوردی ببەنە ژوورەوە و لەوێ لەبەری بكەن".
kdp-
