پارێزگاری سەپێنراوی كەركووك لە دەركردنی بڕیارەكانی لە دژی كورد بەردەوامە

 پارێزگاری سەپێنراوی كەركووك لە دەركردنی بڕیارەكانی لە دژی كورد بەردەوامە
بەپێی بەڵگەنامەیەكی پارێزگای كەركووك كه تێیدا بڕیاردراوە بە پێكهێنانی لێژنەیەك لە قایمقامیەتی ناوەندی كەركووك و هێزە ئەمنییەكانی كەركووك بۆ رووخاندنی زیادەرۆییەكان لە كەركووك.

چاودێران پێیان وایە كە ئەو بڕیارانەی پارێزگاری سەپێنراوی كەركووك بۆ رووخاندنی ئەو خانووانەیە كە لە شوێنە جیاجیاكانی كەركووك هاووڵاتییانی كەمدرامەت دروستیان كردووە، یاخود هاووڵاتییانی ئاوارەی كەركووك كە لە دوای ساڵی 2003ەوە گەڕاونەتەوە بۆ كەركووك.

لەم بارەیەوە جوان حەسەن، ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی، لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، ڕايگەیاند: "بۆ دڵنیابوون لە دەرچوونی نوسراوێكی پارێزگاری كەركووك بە وەكالەت لەسەر رووخاندنی خانووی زیادەرۆی (تجاوزات) پەیوەندیم بە راكان سەعیدەوە كرد، ئەویش لەوەڵامدا ئەوەی خستەڕوو كە ئەو نووسراوە لەلایەن ئەوانەوە دەرچووە، لەمەڕ نووسراوەكانی بە پارێزگاری كەركووك بە وەكالەتم گوت: "تۆ دەتەوێت شەڕ لە كەركووكدا دروست بكەیت"، یان ئەو نووسراوەت سەبارەت بە رووخاندنی خانووی هاووڵاتییان ئەگەر مەبەستت گەڕەكەكانی پەنجا عەلی و بارووتخانە و فەیلەق (كوردستان) و رووناكی نوێیە كە لە دوای ساڵی 2003ەوە ئەو گەڕەكانە لە كەركووك دروست كراون و ئەگەر بتەوێت ئەو گەڕەكانە لە كەركووك بروخێنێت، ئەوا دەتەوێت كەركووك بكەیت بە بیابان؟!".

گوتیشی: "لەوەڵامدا ڕاكان سەعید ئەوەی خستەڕوو كە ئەو نووسراوەی ئەوان ئەو گەڕەكانە ناگرێتەوە، بەڵكو ئەو شوێنانە دەگرێتەوە كە ئێستا لەلایەن ژمارەیەك هاووڵاتییەوە سەرقاڵی درووستكردنی خانوون لە سەر زەوی دەوڵەت".

ڕاكان سەعید پارێزگاری سەپێنراوی كەركووك بە پاڵپشتی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دەستی بە تەعریبكردنەوەی كەركووك كردووە.









باسنيوز
ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، كه‌ركووك كه‌وته‌ ژێر ده‌ستی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی عێراق، دواتر هه‌ریه‌ك له‌ كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ عه‌لی، جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتیی یه‌كێتی و شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فا، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی 70ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، ئاشكرایان كرد كه‌ گرووپێكی نێو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌مه‌دا به‌رپرسیارن و ڕێككه‌وتنی ژێربه‌ژێریان له‌گه‌ڵ میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی عێراق كردووه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ سه‌دان پێشمه‌رگه‌ و هاووڵاتی شه‌هید و بریندار بوون و نزیكه‌ی 200 هه‌زار كه‌سیش ئاواره‌ بوون.
Top