بەرپرسێکی مەڵبەندی دووی یەکێتی: کەس ناتوانێ ئاڵای کوردستان لە کەرکووک هەڵبکات
سەبارەت بەوەی کە میلیشیاکانی (عەسائیبی ئەھلی حەق)ی سەر بە حەشدی شەعبی ھەڕەشیان لە مەڵبەندی دووی یەکێتی لە کەرکووک کردبێت، کە بە ھیچ شێوەیەک ئاڵای کوردستان لە کەرکووک بەرز نەکەنەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٨/٣/٢٠١٨، مامۆستا غەفوور، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی ٢ی رێکخستنی یەکێتی لە کەرکووک، ڕايگەیاند: "وەک نووسراو ئاراستەی مەڵبەند نەکراوە بۆ ئەوەی ئاڵای کوردستان ھەڵنەکەین، بەڵام لەڕاستیدا ئەو بابەتە ھەیە و (واردە) وەک ئەوەی کە نووسراویان کردبێت بۆ سەر مەڵبەند و زیاتریش لە ئارادایە".
مامۆستا غەفوور، ئەوەی نەشاردەوە: ”لە نەورۆزیشدا دەڵنیا بن کەس ناتوانێت ئاڵای کوردستان لە کەرکووک ھەڵ بکات، چونکە کەرکووک سەرتاپای داگیر کراوە".
جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتیی لە کەرکووک، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "تا ئێستا نەمانتوانیوە لەسەر بارەگاکانمان ئاڵای کوردستان ھەڵبکەین، بەڵام من پێشتر یەک جار چووم لەسەر بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە کەرکووک ئاڵای کوردستانم ھەڵکرد، بەڵام دوای نیو کاتژمێر ئاڵاکەیان ھێنایە خوارەوە".
ھەرچەندە مەڵبەندی یەکێتی باسی لەوە کردووە کە بەرنامەی تایبەتیان بۆ جەژنی نەورۆز و یادەکانی مانگی ئادار ھەیە، بەڵام بەھیچ شێوەیەک باسی ھەڵکردنی ئاڵای کوردستانی لە کەرکووک نەکردووە کە دەگوترێ میلیشیاکەی حەشدی شەعبی لەسەر ئاڵای کوردستان ھەڕەشەی لێ کردوون.
ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەر، کەرکووک کەوتە ژێر دەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ھێزەکانی عێراق، دواتر ھەریەک لە کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی و شێخ جەعفەر مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و فەرماندەی یەکەی ٧٠ی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئاشکرایان کرد کە گرووپێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەمەدا بەرپرسیارن و ڕێککەوتنی ژێربەژێریان لەگەڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ھێزەکانی عێراق کردووە و بەو ھۆیەوە سەدان پێشمەرگە و ھاووڵاتی شەھید و بریندار بوون و نزیکەی ٢٠٠ ھەزار کەسیش ئاوارە بوون.
باسنيوز
