گۆڕان هەڕەشەی ئاشکراکردنی مەلەفەکانی شاسوار عەبدولواحید دەکا
بەرامبەر بە قسەکانی شاسوار عەبدولواحید لەبارەی نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەندامێکی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەکە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ڕايگەیاند: “ئێمە جارێ ھیچ وەڵامێکی شاسوار عەبدولواحید نادەینەوە و نامانەوێ بیکەین بە پاڵەوانی گۆڕەپانی سیاسی، دواتر ئێمە ھەموو وەڵامدانەوەیەکمان بۆ کاتی خۆی داناوە”.
جەختیشی لەوە کردەوە: “ئەگەر شاسوار عەبدولواحید یەک زەڕە ئەخلاقی سیاسی هەبێت، بەو شێوازە باسی نەوشیروان مستەفا ناکات، چونکە کاک نەوشیروان ئەو سەرکردەیە نییە کە شاسوار عەبدولواحید ھەوڵی ناشرین کردنی بدات”.
هەڕەشەی ئەوەشی کرد کە “ئەگەر زیاتر قسە بکات”، ئەوان بۆ کاتی ھەڵبژاردنەکان، ھەموو مەلەفەکانی ئاشکرا دەکەن و ئەو کەسانەش دەبەنە سەر کەناڵی KNN کە شاسوار عەبدولواحید “پارەی لێ خواردوون”. گوتیشی: “ئەگەر ھیچ کەسێک نەزانێت شاسوار عەبدولواحید کێیە، قادری حاجی عەلی دەزانێت کە شاسوار عەبدولواحید کێیە و لەلایەن کێوە ئاڕاستە دەکرێت؟”.
پێشتر نەسرین جەمال، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ڕايگەیاند: ”شاسوار عەبدولواحید، قەوارەیەکی سیاسی داناوە، ئەو لە دەسپێکی کارەکانیدا بەچەپ و ڕاستدا ھێرشی توند دەکاتە سەر لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەتی بەشێوەیەکی نەزانانە ڕمی ڕەخنەکانی ئاراستەی بزووتنەوەی گۆڕان کردووە، لەکاتێکدا بزووتنەوەی گۆڕان ھیچ ھەڵەیەکی بەرامبەر شاسوار عەبدولواحید نەکردووە، بۆیە ھێرشەکانی ئەو بۆ سەر گۆڕان نائاقڵانە و نەشارەزاییە لەکاری سیاسی“.
باسنيوز
