وەزارەتی تەندرووستی: بەغدا هەموو سێشەممەیەک دەڵێ مووچە دەنێرین و ڕاستیش نییە

 وەزارەتی تەندرووستی: بەغدا هەموو سێشەممەیەک دەڵێ مووچە دەنێرین و ڕاستیش نییە
بەڕێوەبەرێکی گشتی لە وەزارەتی تەندرووستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، هەموو سێشەممەیەک لە بەغداوە دەگوترێ مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان دەنێردرێت، دواتر ”دەردەچێت کە وانییە“.



د. ڤیان حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی تەندرووستی ڕاگەیاند، گفتوگۆم لەگەڵ سەرۆکی لێژنەی وردبینی کرد، ئەوان ڕاپۆرتی خۆیان بە لایەنی پەیوەندیدار لە حکوومەتی عێراق داوە و کارەکانیان کۆتایی پێ هێناوە، بەڵام ”گوتیان لەبارەی دابەشکردنی مووچە ئاگامان لە هیچ نییە“.



ئەوەشی ڕوون کردەوە کە وردبینیکردنی لیستی مووچەخۆران لە وەزارەتەکانی تەندرووستی و پەروەردە کۆتایی هاتووە و ڕاپۆرتەکانیان تەواو کردووە و ”هیچ نەماوە بیانووی پێ بگرن“.



لەبارەی قسەکانی دوێنێ سێشەممە 6/3/2018ی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڤیان حوسێن بۆ (باسنیوز)ی ئاشکرا کرد: ”هەموو سێشەممەیەک بەغدا دەڵێ مووچە دەنێرین، بەڵام دەردەچێ وانییە“.



ئەمە لە کاتێکدایە کە لە دوایین لێدوانیدا عەبادی ڕای گەیاند، پێش هاتنی جەژنی نەورۆز، بەشێک لە مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان دەنێرن و فڕۆکەخانەکانیش دەکەنەوە.




باسنيوز
Top