داعش بەنیاز بووە بازاڕەكانی مووسڵ بتەقێنێتەوە
سەرچاوەیەكی ئەمنی رایگەیاند هێزە ئەمنیەكانی عێراق پلانێكی داعشیان بۆ تەقاندنەوەی مۆڵ و بازاڕەكانی مووسڵ لەباربردووە، هەروەها بەنیاز بوونە بەرپرسانی شارەكەش تیرۆر بكەن.
ئەمڕۆ دەزگا ئەمنیەكانی عێراق ئاشكرای كرد گرووپێكی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشیان دەستگیر كردووە، كە لە باكووری نەینەوا خەریكی ئامادەكاری بوون بۆ هێرش كردنە سەر ناوچە قەرەباڵخەكانی ناو شاری مووسڵ.
لەمبارەیەوە عەباس وائیلی ئەفسەری لێكۆڵینەوەكانی سوپای عێراق رایگەیاند حەفت چەكداری داعش دەستگیر كراون، كە پێشتر لەنێو مووسڵ كاری تیرۆریان ئەنجام داوە، ئەم جارە بەنیازبوونە لەنێو مووسڵدا تەقینەوە و تیرۆر ئەنجام بدەن.
گرووپەكەی داعش پلانیان هەبووە مین لە ناوچە بازرگانییەكان و پاركەكان و بازاڕەكانی مووسڵ بچێنن، هەروەها چەند كەسایەتیەكی شارەكەیان دەستنیشان كردبوو تیرۆریان بكەن.
هەڵوەشاندنەوەی ئەم پلانەی داعش لە كاتێكدایە لەوەتەی ساڵی رابردووەوە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەركەوتنی بەسەر ڕێكخراوە تیرۆریستیەكە و دەربەدەركردنیان لە عێراق راگەیاندووە.
bas news-
