بەرپرسی پەیوەندییەكانی یەكگرتوو: كورد 10 كورسی لەدەست دەدات

 بەرپرسی پەیوەندییەكانی یەكگرتوو: كورد 10 كورسی لەدەست دەدات
نەسرەدین سندی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی پەیوەندییەكانی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان چەند پرسێكی گرنگی هەرێمی كوردستان و عێراق دەخاتە روو، ئاشكرای دەكات، بەهۆی فرەلیستی و پەرتەوازەیی، كورد 10 كورسی لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق لەدەست دەدات. دووپاتیشی دەكاتەوە ئەوەی بەغدا لە داخستنی فڕۆكەخانەكان و بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستان گرتوویەتیە بەر سزادانێكی بەكۆمەڵی خەڵكی كوردستانە.



سەرەتا ئاماژەی بەوە دا كە بەغدا بەردەوامە لە ئابڵووقەدانی هەرێمی كوردستان، گوتیشی: ”بەغدا ماوەی كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان درێژ دەكاتەوە و بودجەشی بە دڵی خۆیان پەسند كرد، بۆیە حكوومەتی بەغدا كات دەكوژێت، تاوەكوو دوای هەڵبژاردن دەیەوێت دۆخەكە بەم جۆرە بمێنێتەوە“.



روونیشی كردەوە، هەڵسوكەوتی بەغدا لە دژی كوردە، ئەگەر نا لەسەر زۆربەی بوارەكان بۆ نموونە لەسەر فڕۆكەخانەكان رێكکەوتن كراوە، هەرێم رازی بووە فەرمانبەرانی بەغدا بێنە فڕۆكەخانەكان بۆ سەرپەرشتیكردنی ئیدارەی فڕۆكەخانەكان، بەڵام بەغدا بە ئەنقەست و بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن ئابڵووقەكانی لەسەر كوردستان بەردەوامی پێ دەدات.



نەسرەدین سندی پێی وایە، ئەوەی بەغدا بەرامبەر خەڵكی هەرێمی كوردستان دەیكات بە هەموو پێوەرێك ستەمە، گوتیشی: ”حكوومەتی عێراق میللەتی كورد سزا دەدات، ئەوەش ستەمێكی گەورەیە لە خەڵك و فەرمانبەران و تێكدانی و زەحمەتكردنی هاتوچۆی خەڵك، ئەوەی عەبادی و حكوومەتی عێراق دەیكەن سزادانێكی بەكۆمەڵی خەڵكی كوردستانە“.



ئەو سەركردەیەی یەكگرتوو دووپاتی دەكاتەوە، لەگەڵ هەبوونی هەوڵی نێودەوڵەتی و هەندێك فشاردا، بەڵام عەبادی گوێی بە هیچ نەداوە، دەشڵێت: ”هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بە قورسایی نەبووە، تەنیا لە چوارچێوەی ئامۆژگاری بووە بۆ رێكکەوتنی هەولێر و بەغدا و پیشاندانی نیەتی میانگیری، بەڵام چونكە فشاری تێدا نەبووە، بۆ نموونە ئەمریكا فشارێكی لە بەغدا بكردبوایە دۆخەكە بە شێوەیەكی تر دەبوو“.



سندی گوتیشی: ”پێشتر لە ناوچە كوردستانییەكان خەڵكی عەرەب قەرەبوو كراونەتەوە و گەڕانەونەتەوە شوێنی خۆیان، بەڵام دووبارە ئەو كەسانە بە پشتیوانیی بەغدا دەگەڕێندرێنەوە، ئەوەش گەڕانەوەیە بۆ خاڵی سفر بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئەو ناوچانە، ئەوەش فشارێكی بەغدایە بۆ سەر هەرێم و خەڵكی ئێمە لەو ناوچانە، ئەگەر دۆخەكە بەردەوام بێت ئەوە تەعریبێكی ترە لەو ناوچانە“.



بەرپرسی پەیوەندییەكانی یەكگرتووی ئیسلامی، نیگەرانیی خۆی لە فرەلیستیی كوردستانی لە هەڵبژاردنەكانی عێراق دەخاتە ڕوو و دەڵێت: ”ئەو پەرتەوازەییە كورسیی كورد لە بەغدا كەم دەكاتەوە، ئەگەر كورد كورسیی كەم بێتەوە ئەوە ئەنجامێكی خراپی دەبێت و قورسایی كورد كەم دەبێتەوە، ئەگەرچی هەوڵی زۆرمان دا، بەڵام بۆ یەك لیستی سەری نەرگرت“.



نەسرەدین سندی روونیشی دەكاتەوە، بەهۆی فرەلیستی و هەبوونی حەشدی شەعبی لە ناوچە كوردسانییەكان و نەگەڕانەوەی ئاوارەكان، كورد كورسیی زۆر لەدەست دەدات، گوتیشی: ”لە كەركووك و خورماتوو و دەشتی نەینەوا خەڵكێكی زۆری كورد ئاوارە بوونە، هەروەها دەسەڵاتیش لەژێر دەستی حەشدی شەعبیدایە، بۆیە پێشبینیی ئێمە ئەوەیە كەوا كورد لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق 10 كورسی لەدەست دەدات“.



سەبارەت بە كاردانەوەی خەڵك بەرامبەر مووچەی خانەنشینیی پەرلەمانتاران ئەوەی خستە ڕوو، ئەوان لەگەڵ خانەنشینكردنی پەرلەمانتاراندا نین، گوتیشی: ”خانەنشینكردن بە مانای ئەوە دێت كەوا ئەو كەسە لە ماڵی خۆی دابنیشێت و هیچ كارێكی تر نەكات، بۆیە دەبێت لە مووچەی خانەنشینی هاوسەنگییەك لەنێوان فەرمانبەرێكی خانەنشین و پەرلەمانتار و بەرپرسێك هەبێت، ئەوەی ئێستا هەیە جیاوازییەكی زۆرە و بۆیە پێدانی مووچەی 4 ملیۆن بۆ خانەنشینی پەرلەمانتار زۆر زۆرە، بە تایبەت لە دۆخی قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستاندا، دەبێ گۆڕانكاریی تێدا بكرێت و بەم جۆرە نەهێڵدرێتەوە“.



جەختیش دەكاتەوە، ئەو یاسایەی دەركراوە ئامانج لێی چاكسازییە: "ئەو یاسایەی دەركراوە ئامانج لێی چاكسازیكردنە، راستە هەموو ئامانجەكانی بە دەست نەهێناوە، بەڵام ئەگەر یارمەتی بدرێت بۆ ئەوەی بچێتە پێشەوە، ئەوە شتێكی باش دەبێت“.




باسنيوز
Top