دژی پەسەندکردنی بودجە کورد کارتی بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی لەدەستدایە

 دژی پەسەندکردنی بودجە کورد کارتی بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی لەدەستدایە
دوای پەسەندکردنی بودجەی 2018ی عێراق و جێبەجێ نەکردنی داواکانی کوردستان تیایدا، چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، کورد لەبەردەم چەند ئەگەرێکدایە، لەوانە کشانەوە لە پڕۆسەی سیاسی، بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، سکاڵاکردن لە دادگای فیدڕاڵی، یان مانەوە لە عێراقدا،. پەرلەمانتارێکی پارتییش پێی وایە، باشترین بژارە لەوانە بایکۆتی هەڵبژاردنە.



ئەگەرچی دوێنێ دووشەممە، بودجەی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2018، بە بڕی یەک ترلیۆن دینار بەشێوەی یەدەگ زیاد کرا، بەڵام بەو زیادکردنەشەوە، بە گوتەی پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا، ئەوا پارەکە تەنیا بەشی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان ناکات، ئەوە جگە لەوەی نیەتی بەغدا دیار نییە کە ئەو پارە کەمەش دەدات یان نایدات، چونکە پێشتر لە ساڵی 2015 سەرەڕای دیاریکردنی بودجەی کوردستان، بەڵام هیچ بڕە پارەیەک لە عێراقەوە رەوانە نەکراوە.



لەمبارەیەوە، سەرۆك بارزانی، لە پەیامێکیدا کە بەبۆنەی بیست و حەوتەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان بڵاوی کردەوە، تیایدا ئاماژەی بەوە دا، ئەوەی بە ناوی پەسەندكردنی بودجە لە 3ـی 3ـی 2018 لە پەرلەمانی عێراقدا ڕووی داوە، بەڕوونی بریتی بووە لە پێشێلكردنی شەراكەت و تەوافوق و تەوازون و بنەماكانی دەستوور و چەوساندنەوەیەكی پلان بۆ داڕێژراوی گەلی كوردستان.



لە پەیامەکەیدا، بارزانی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە كاتی ئەوە هاتووە لە وەڵامی ئەو كردارەی پەرلەمانی عێراقدا هەموو لایەنە كوردستانییەكان پێكەوە كۆ ببنەوە و بڕیارێكی گونجاو و هاوبەش بدەن.



بەو هۆیانەوە، وا بڕیارە لە هۆڵی پەرلەمانی کوردستان، لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەت، بۆ تاوتوێکردنی ئەو ئەگەرانە و بڕیاری هاوبەش بۆ داهاتووی کوردستان لە عێراقدا کۆ ببنەوە.



ڕێناس جانۆ، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا بۆ (باس) رای گەیاند، هەموو ئەو ئەگەرانە لەئارادان، بەڵام رەنگە باشترینیان بایکۆتی هەڵبژاردنەکان بێت، گوتی: “بە بایکۆتی هەڵبژاردن پەیوەندی لەنێوان حکوومەتی هەرێم و عێراقدا دەمێنێت، بەڵام بەشداری لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا ناکات، ئەوەش کارتێکی فشاری باشە بۆ ئەوەی عێراق مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل نەکات”.



جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، کە ئەوەی کراوە زیادکردنی بەشە بودجەی کوردستان نییە، گوتی: ”یەک ترلیۆن دینار لە بەشی فریاکەوتن زیاد کراوە، ئەگەر ویستیان دەتوانن بیدەن و دەشتوانن نەیدەن”.



لای خۆشیانەوە، مەسعود حەیدەر، پەرلەمانتاری گۆڕان لە بەغدا بۆ (باس) رای گەیاند، ئەوە راستە ئەو زیادکردنە چارەسەری مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان ناکات، گوتی: ”تاوەکوو ئێستاش دیار نییە کە کورد کام لەو ئەگەرانە هەڵدەبژێرێت، بەڵام من وەکوو خۆم هەر بڕیارێک کوردستانی بێت، پێیەوە پابەند دەبم”.



جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، کە پێویستە بۆ ھەموو خەڵک و پارتە سیاسییەکانی کوردستان روون بێت، کە بڕیاری سیاسی ھەیە بۆ لاوازکردنی ھەرێمی کوردستان و سەپاندنی ئابڵووقەی ئابووریی زیاتر بەسەر چین و توێژەکانی کوردستاندا. گوتیشی: “ئێستا ئەرکی سەرکردایەتیی حزبە سیاسییەکان و پەرلەمان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە کە تاوتوێی ھەر ئەگەر و بڕیارێک بکات کە پێیان باشە، چونکە ئەگەر کورد بەشێکە لەم دەوڵەتی عێراقە، ئەوە پێویستە وەکوو ھاووڵاتیی ئاسایی مامەڵە لەگەڵ مافەکانیدا بکرێ، یان نابێ قبووڵ بکرێ مافەکانی لە یاساکانی عێراقدا پێشێل بکرێ”.



بەڵام زانا رۆستایی، پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی بۆ (باس) رای گەیاند، كشانه‌وه‌ له‌ پرۆسه‌ى سياسى له‌ كاتێكدا باش بوو كه‌ كوردستان بارودۆخی له‌ ڕووى يه‌كڕيزیی لایەنەکانەوە باش بوايه‌.



گوتی: ”باشترين شت ئه‌وه‌يه‌ كاروبارى ناوخۆى هه‌رێم رێك بخه‌ينه‌وه‌ و دواى هه‌ڵبژاردن كورد به ‌به‌رنامه‌يه‌كى تۆكمه‌ و باشتر بگه‌ڕێته‌وه‌ به‌غدا و داكۆكى له‌ مافه‌ ده‌ستووريیه‌كانى خۆى بكات”.



هاوکات، نەوزاد رەسووڵ، پەرلەمانتاری یەکێتی لە بەغدا، بۆ (باس) رای گەیاند، تا ئێستا جگە لە مانەوە لە عێراق بەدیلی باشترمان نییە، لەبەرئەوە باشترە لە پڕۆسەکەدا بمێنیەوە، گوتی: ”کوردستان پێویستی بە خۆڕێکخستنەوە هەیە، ئەوکات دەتوانێ بڕیاری دیکەی هەبێت”.



گوتیشی: “رێگەیەکی باشە ئەگەر کار بکەین بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لە دادگای فیدڕاڵی، چ لەبەر ئەو کەمکردنەوەی بودجەیە بێت، یان بۆ هەموو ئەو مافانەی کە عێراق پێشێلی کردوون”.



ئاماژەی بەوەش دا، کشانەوە لە پڕۆسەی سیاسی و بایکۆتی هەڵبژاردن لەم کاتەدا چارەسەری کێشەکانی خەڵکی کوردستان ناکات، گوتی: “کشانەوە ئەگەرێکی لاوازە، چونکە دەبێت بۆ دوای کشانەوە کورد بەرنامەی هەبێت، کێشەی ئێمە نەبوونی ئابوورییەکی بەهێز و نەبوونی یەکڕیزی و نەبوونی پشتیوانیی گەورەی نێودەوڵەتییە”.







باسنیوز
Top