سەرکردەیەکی هەڵگەڕاوەی حەشدی شەعبی: حەشدی شەعبی خەڵک هەڵدەخەڵەتێنێت

سەرکردەیەکی هەڵگەڕاوەی حەشدی شەعبی: حەشدی شەعبی خەڵک هەڵدەخەڵەتێنێت
سەرکردەیەکی هەڵگەڕاوەی حەشدی شەعبی کە ئێستا لە پارێزگای دهۆک نیشتەجێیە، دەڵێت، کاری حەشدی شەعبی هەمووی درۆیە و قاچاخچێتی و کاری بەدڕەوشتیی دەکەن.

شێخ فەرحان میرزا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "کردەوەکانی حەشدی شەعبی هەمووی درۆن، هیچ ڕاستییەک بەرانبەر خەڵک ناکەن و ڕۆژانە باج لە خەڵک وەردەگرن."

هەڵخەڵەتاندنی خەڵک لە لایەن حەشدی شەعبیەوە

شێخ فەرحان دەڵێ، "حەشدی شەعبی خەڵکیان هەڵخەڵەتاند و بە خەڵکیان گوت، ئێمە پارەیەکی زۆرتان پێ دەدەین و خەڵکی ناوچەی شنگالیش هەژار بوون، گەیشتنە حەشد، منیش کە گەیشتمە ئەو هێزە سەرکردەکان پێمیان گوت، دوای مەشق پارەتان پێ دەدەین، بەڵام هیچ لە قسەکانیان ڕاست نەبوون."

شێخ فەرحان گوتی: "تا ئێستا حەشدی شەعبی نەک تەنیا پارە نادەنە سەربازەکانی خۆیان، بەڵکو پارەش لە خەڵک وەردەگرن و ئێستا خەڵک دەترسن ئەو هێزە بەجێ بهێڵن، چونکە دەترسن بیانکوژن."

قاچاخچێتی حەشدی شەعبی

شێخ فەرحان: "حەشدی شەعبی لەسەر سنووری سووریا و عێراق کاری قاچاخچێتی دەکەن و باج لە خەڵک وەردەگرن و هەرکەس ئەو باجە نەدات، جێگای زیندانە. ئەوان ئاگایان لە خەڵک نییە، تەنیا کاریان تەهریب و بەتاڵانبردنی ماڵی خەڵکە و ئەو گەنجە ئێزدیانە بڕوایان بەو هیزە نەماوە و ڕۆژانە خەڵک ئەو هێزە بەجێ دەهێڵن و ئێستا بە پێی زانیارییەکانم ڕێژەیەکی کەم ماون."

کێشە لە نێو حەشدی شەعبیدا

زۆرجار باس لەوە دەکرێت کێشە لە نێو حەشدی شەعبیدا هەیە، ئەمە تا چەند ڕاستە، شێخ فەرحان لە وەڵامدا گوتی: "بەڵێ وایە حەشدی شەعبی لە شنگال و دەشتی نەینەوا بوونەتە ئاگر و بەربوونەتە یەک، چونکە ئەوان هەموویان خۆیان بە سەرکردە و بەرپرسی هێزەکە دادەنێن."

ئەو زانیاری زیاتری دا: "هەموویان خۆیان لەسەر یەکتری فەڕز دەکەن و هیچ کەسێکیان ئاگای لەوی دی نییە و کاتێک من لەوێ بووم و خولی سەربازی کۆتایی هات، کەس ئاگای لە کەس نەما، هەرکەسێک چووە جێگایەک و بە هیچ شێوەیەک ئەوان ئاگای لە کەس نەبوو."

هەبوونی حەشدی شەعبی مەترسی کۆمەڵکوژییەکی دیکەی هەیە بۆ سەر ئێزدییان

لەبارەی مەترسی حەشدی شەعبی بۆسەر ئێزدیان شێخ فەرحان بەپێویستی دەزانێ کە ئەم هێزە ناوچەکە بەجێ بهێڵێت و ڕێگە بە ئێزدییان بدەن تەنیا خۆیان ناوچەکانیان بپارێزن و ئەگەر بە ئاشتییانەش ناوچەکە بەجێ نەهێڵن، من لەو بڕوایەدام، ئەوان بۆخۆیان کێشەیان هەیە و لەسەر ناوچەکە شەڕ دەکەن و، بوونی ئەو هێزە دوور نییە ئێزدییان و ناوچەکە تووشی کارەساتێکی دیکە بکەن."

لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا باڵێکی نێو لایەنێکی کوردستانی کەرکووکیان ڕادەستی حەشدی شەعبی کرد و دواتر ڕێگایان بۆیان خۆش کرد بێنە ناوچەکانی دیکەی کوردستان لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و شنگالیش یەکێک بوو لەو ناوچانە.
kdp-
Top