نهێنیی کۆبوونەوەکەی مەعسوم لەگەڵ عەبادی و جبووری ئاشکرا دەکرێت

 نهێنیی کۆبوونەوەکەی مەعسوم لەگەڵ عەبادی و جبووری ئاشکرا دەکرێت
پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق نهێنییەکانی کۆبوونەوەی سەرۆک کۆمار لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک وەزیرانی عێراق تایبەت بە پرسی بوشەبودجەی هەرێمی کوردستان، ئاشکرا دەکات.



لە بەیاننامەیەکدا، کە رۆژی دووشەممە 5/3/2018 بڵاوی کردووەتەوە ، مەسعود حەیدەر، پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا، رایگەیاندووە، کۆبوونەوەی فوئاد مەعسومی سەرۆک کۆمار لەگەڵ سەلیم جبووریی سەرۆکی پەرلەمان و حەیدەر عەبادیی سەرۆک وەزیران دوای بێ ئومێدبوونی فراکسیۆنە کوردستانییەکان، ئەنجام درا.



کۆبوونەوەی مەعسوم لەگەڵ جبووریی و عەبادی رۆژی پێنجشەممە 1/3/2018 ئەنجام درا، کە بڕیاربوو تێیدا پارێزگاریی لە بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2018، بکرێت، بەڵام ئەنجامێکی ئەرێنی لەسەر پرۆژەیاسای بودجە، نەبوو.



رۆژی شەممە 3/3/2018، پەرلەمانی عێراق بەبێ رەچاوکردنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و پێکهاتەی سوننەمەزهەبی عێراق، بودجەی وڵاتەکەی بۆ ساڵی 2018 پەسەند کرد.



بودجەی عێراق بۆ 2018، 104 تریلیۆن و 158 ملیار دینارە، لەو بەشە تەنیا شەش تریلیۆن و 597 ملیار دینار بۆ ئەمساڵی کوردستان دانراوە. ئەوەش لەکاتێکدا لە کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەدا بڕیاردرابوو یەک تریلیۆنی دیکە بۆ پشکی کوردستان زیادبکرێت، بەڵام پەرلەمان ئەو بڕیارەی جێبەجێ نەکرد.



مەسعود حەیدەر لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە راوێژکاری لێژنەی دارایی پەرلەمان بە هەماهەنگیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، داوای کرد سێ تریلیۆن دیناری دیکە بۆ هەرێمی کوردستان زیاد بکرێت، بەڵام حەیدەر عەبادی رەتی کردەوە سێ تریلیۆن زیاد بکات و رایگەیاند، وەزارەتی دارایی هەڵەی کردووە و دەبێ تریلیۆنێکی دیکە زیاد بکرێت، واتە بکرێتە حەوت تریلیۆن و نیو.



ئەو پەرلەمانتارە، کە وەک لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئامادەی کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکە بووە، باسی پارەی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی کردووە و رایگەیاندووە، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا سوور بوو لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی %60ـی پارەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان.









باسنیوز
Top