سەرۆك وەزیرانی توركیا: عەفرین رادەستی خاوەنی دەکەینەوە
بینالی یڵدرم سەرۆک وەزیرانی تورکیا رایگەیاند عەفرین لە پەكەكە پاک دەکەنەوە و رادەستی خاوەنی راستەقینەی خۆی لە عەرەب، کورد و تورکمان و ئەو برایانەی ستەمیان لێکراوە دەکەنەوە.
سەرۆک وەزیرانی تورکیا ئەمڕۆ یەكشەممە لەمیانی بەشداریکردنی لە پێنجەمین کۆنگرەی ئاسایی لقی ژنانی ئاک پارتی لە شاری موغڵا گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی "سەربازە قارەمانەکانمان لە عەفرین داستان دەنووسنەوە و ئاڵاکەمان لە بەرزترین گردەکان بەرز دەکەنەوە. خوێنی ئەو شەھیدانەی دوو رۆژ لەمەوبەر بە ناپاکی شەھید کران، لەسەر زەوی نەمایەوە. راجۆیان کۆنترۆڵ کرد و قارەمانەکانمان بەرەو عەفرین پێشڕەوی دەکەن. خوا پشت و پەنایان بێت. ھاوکات ئەفسەرە ئافرەتەکانیشمان بەشدارن".
یڵدرم گوتیشی "ئەو ھەڕەشانەی دەکرێتە سەر وڵاتەکەمان جا لە ھەر شوێنێک بێت ئامانجە بۆ ئێمە. بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر مافی شەرعی ئێمەیە".
ئاماژەی بەوەش دا "ئێمە لە پێناو کەمکردنەوەی ئازاری برا سووری و عێراقییەکانمان لەوێداین. ھەروەک لە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات ناوچە ئارامەکانمان پێک ھێنا، عەفرینیش لە تیرۆریستان پاک دەکەینەوە و رادەستی خاوەنی راستەقینەی خۆی لە عەرەب، کورد و تورکمان و ئەو برایانەی ستەمیان لێ کراوە، دەکەینەوە. باوەش بە زامی لێقەوماوان دەدەین و براکانمان لەوێ لە ستەمکاری رزگار دەکەین. ھەموو دەبینین کە چۆن ئەو کەسانەی لەوێدا گوندەکانیان رزگار کراوە خۆشی دەردەبڕن و نزا و سوپاس بۆ سەربازانمان دەکەن".
bas news-
