وەستا ڕەسوڵ ڕوونکردنەوە لەسەر دەنگۆی دەرکەوتنی لە تۆمارێکی ڤیدیۆیی ئێرانییەکان دەدا

 وەستا ڕەسوڵ ڕوونکردنەوە لەسەر دەنگۆی دەرکەوتنی لە تۆمارێکی ڤیدیۆیی ئێرانییەکان دەدا
دوای بڵاوکردنەوەی تۆمارێکی ڤیدیۆیی هێرشی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر قەڵای دیموکرات بە هاوکاری ئێران، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە وابڵاوکرایەوە کە وەستا ڕەسوڵ، فەرماندەی سەربازیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەنێو ئەوانەدایە کە لە تۆمارەکەدا دەردەکەوێت، لە بەرامبەریشدا وەستا ڕەسوڵ ڕوونکردنەوە دەدات.

لەو تۆمارە ڤیدیۆییەدا کە وەک بەڵگەنامەیەک لەبارەی هێرشی سوپای پاسداران بە هاوکاریی هێزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە مانگی تەمووزی 1996 بۆ سەر قەڵای دیموکرات کە بارەگای حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بووە، کەسێک دەردەکەوێت کە شێوەی لە وەستا ڕەسوڵ دەچێت و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە وابڵاوکراوەتەوە کە ئەو کەسە، وەستا ڕەسوڵە و لەنێو ئەو یەکێتییانەدا بووە کە چاوساخ و هاوکاری سوپای پاسدارانی ئێران بوون بۆ هێرشکردنە سەر قەڵای دیموکرات.

لەمبارەیەوە وه‌ستا ڕه‌سوڵ، فه‌رمانده‌ى پێشمەرگەی یەکێتی ڕايگه‌یاند، ئه‌و گرته‌ ڤیدۆییە‌ى كه‌ بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، ”هیچ په‌یوه‌ندییە‌كى ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆى به ‌منه‌وه‌ نییه‌“.

ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”ئه‌و كه‌سه‌شى كه‌ ده‌ركه‌وتووه‌، كه‌سێكى قه‌ڵه‌وه‌ و له‌ هه‌موو ژیانى خۆمدا، هێنده‌ قه‌ڵه‌و نه‌بووم، بۆیه‌ من ئاگادارى شتێكى له‌و شێوه‌یه‌ نیم“.

بە گوتەی وەستا ڕەسوڵ، ئەو کاتە لە نێو هێزە چەکدارییەکاندا نەبووە و ”تەنها لە مەکتەبی ڕێکخستنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا کارم کردووە“.

هەر لە تۆمارە ڤیدیۆییەکەدا ئەوە ئاشکرا کراوە، فوئاد مەعسووم، سەرۆک کۆماری ئێستای عێراق کە ئەو کاتە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بووە، لەلایەن ئێرانییەکانەوە ڕاسپێردراوە بۆ ئەوەی هانی سەرکردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بدات، ئاگربەست ڕابگەیەنن و چەک دابنێن.

بەپێی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییە، هێزەکانی ئێران هەوڵ دەدەن پارتی دیموکراتی کوردستان تێکەڵ بەو کارەیان بکەن و هێزەکانیان لە ڕێگەی سنووری حاجی ئۆمەران و بە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا بگەڕێننەوە ئێران، بەڵام لەلایەن پارتییەوە بە توندی ڕێگەیان لێ دەگیرێت و چەند بەرپرسێکیشیان بۆ ماوەیەک دەستگیر دەکرێن. بەرپرسێکی پارتی ئەوکاتە دەڵێت: ”ئێمەش سیاسەت دەزانین و بەهیچ شێوەیەک ڕێگەی تێپەڕبوونتان پێ نادەین“.

لە بەرامبەر ئەو تۆمارە ڤیدیۆییەدا، پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆمارێکی بەڵگەیی ڤیۆیۆییان بڵاو کردەوە و بەڵگەنامەکانی ئێرانیان بە درۆ خستەوە. تێیدا کاوە بەهرامی کە لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا ئەندامی دەستەی بەرەنگاربوونەوەی هێرشەکە بووە، ئاشکرای کردووە، ”هەلومەرجی ئەوکاتە دەستی بەستین ئەگینا دەمانتوانی نەیەڵین هێزەکە بگەڕێنەوە“. ئەوەش ناشارێتەوە کە ئەو شوێنەی هێزەکەی ئێران تێیدا جێگیر بوون، پێشمەرگەی یەکێتی پارێزگارییان لێ کردووە و دەڵێ: ”ئەوان جووڵەیان کرد و پێشمەرگەکانمان ئاگاداریان کردینەوە، یەکێتی پێیان گوتین ئەوە هێزی ئێمەیە ئاگاتان لێ بێ لێیان نەدەن“.











باسنيوز
Top