به‌رپرسان، له‌ خراپیی ڕه‌وشی شنگال هۆشداری ده‌ده‌ن

به‌رپرسان، له‌ خراپیی ڕه‌وشی شنگال هۆشداری ده‌ده‌ن
فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگە لە شنگال ڕایدەگەیێنێت، ئێستا رەوشی شنگال زۆر ناخۆشە و لە خراپەوە بەرەو خراپتر رۆییشتووە.

قاسم شەشۆ، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "رۆژانە پێشلكارییەكان لە شنگال زیاتر دەبن و ئەگەر بەم شێوەیە بڕوات، دوور نییە شەڕێكی گەورە بەرپا بێت، چونكە دیسان حكوومەتی عێراق بە هاوكاریی حەشدی شەعبی و بە بیانووی هەڵمەتی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچه‌كانیان، تیرۆریستان دەهێنێتە شنگال، بۆیە پێشبینیی شەڕێكی دیكە لە شنگال دەكرێت".

شنگال بووەتە گۆڕەپانی ململانێی هێزە ناشەرعییەكان
وەك شەشۆ ئاماژەی دا، ئێستا هەموو گرووپ لایەنەكانی شنگال، رووبەرێك لە شنگالیان خستووەتە ژێر ركێفی خۆیانەوە و، بە ئارەزووی خۆیان مامەڵەی تێدا دەكەن و هەموو یاساكانی خۆیشیان جیبەجێ دەكەن.

پێوەست بە هەمان پرس، قایمقامی شنگال مەحما خەلیل دەڵێت، هەموو ئەو هێزانە نایاسایین و تا بەم شێوەیە بڕوات و هێزە نایاسییەكان شنگال بكەنە قوربانیی بەرژەوەندییەكانیان، هیچ خزمەتگوزارییەك بە ناوچەكە ناگات.

سەرهەڵدانی قەیرانەكان لە شنگال
مەحما خەلیل، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئێستا لە شنگال هەموو جۆرە قەیرانێك سەری هەڵداوە و حەشدی شەعبی رێ نادات خەڵك بێنە دهۆك، چونكە خەڵك لەژێر دەستەڵاتی حەشددا هەموو جۆرە نەهامەتییەكی بەسەر هاتووە".

هاوكات قادر قەچاخ، بەرپرسی لقی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شنگال، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێستا زیاتر لە ٨٠%ـی خەڵكی شنگال ئاوارەن لە هەرێمی كوردستان و ٢٠% لە شنگالن، حەشدی شەعبی و پەكەكە رێگا نادەن ئەو ٢٠%ـەیش بگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان، چونكە خەڵك لەژێر دەستەڵاتی حەشددا ناخۆشترین رۆژ تێدەپەڕێنن و حەشدی شەعبی هەموو دەرگایەكی بەسەریاندا داخستووە".

قەچاخ گوتیشی: "هەر ئەو هێزانەن كە بە ناوی جۆراجۆر و درووشمی بریقەدارەوە خەڵك دەخەڵەتێنن و ناهێڵن رێگای شنگال-دهۆك بكرێتەوە، بۆ ئەوەی خەڵك بگاتە لالش و شێخان بۆ نێو كەسوكارەكانیان".

شنگال شارێكی كوردستانیی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمە، كە دەكەوێتە رۆژئاوای شاری مووسڵ و لەسەر سنووری سووریایە، دوای خیانەتی ١٦ـی ئۆكتۆبەریش، حەشدی شەعبی دەستی بەسەر ئەو ناوچەیەدا گرتووە و، ئەو شارە بووەتە جێگای پێشێلكاریی میلیشیا شیعەكان.
kdp-
Top