لە مانگی ڕابردوودا لە عێراق نزیکەی 300 کەس بوونەتە قوربانی

 لە مانگی ڕابردوودا لە عێراق نزیکەی 300 کەس بوونەتە قوربانی
بەپێی دوایین ئاماری نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراقی (یۆنامی) لە ئەنجامی شەڕ و توندوتیژییەکان لە عێراق لە مانگی ڕابردوو (شوبات) 91 هاووڵاتیی مەدەنی گیانیان لەدەست داوە و 208 کەسی دیکەش بریندار بوون.



لە ڕاپۆرتەکەی یۆنامیدا هاتووە، ئەو ڕێژەیە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە کاتی مردن، یان برینداربووندا وەک هاووڵاتیی مەدەنی ڕەچاو کراون، بەڵام هەندێکیان وەکوو پۆلیس، بەرگریی شارستانی و کارمەندانی پاسەوانیی کەسی و پاسەوانی پاراستنی بارەگاکان و کارمەندانی ئاگرکوژێنەوە لەناو کوژراوەکان دان، بەڵام وەک هاووڵاتیی مەدەنی تۆمار کراون".



پارێزگای به‌غدا، كه‌ به‌ركه‌وته‌ترین پارێزگا بووە‌، ‌١٩٦ مه‌ده‌نی بوونه‌ته‌ قوربانی (٤٩ كوژراو و ١٤٦ بریندار)‌. دوای ئه‌و پارێزگای ئەنبار ئاماره‌كانی بریتییه‌ له‌ (١٤ كوژراو و ٣٧بریندار) و ئاماری پارێزگای دیالە بریتییه‌ له‌ (١٢ كوژراو و ١١ بریندار) .



یونامی لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا ئاشکرای کردووە، ئەو ڕێکخراوە له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیاریكراو چالاكییه‌كی سنورداری هه‌یه‌، بۆیە له‌ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی قوربانیان و له‌ هه‌ندێ حاڵه‌تدا ته‌نیا توانیویه‌تی ‌هه‌ندێك له‌ رووداوه‌كان به‌ شێوه‌ی هه‌نده‌كییانه‌ (ناته‌واو) پشتڕاست بكاته‌وه. له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه ژماره‌كان پێویسته‌ به‌ لانیكه‌م وه‌ربگیرێن.







باسنيوز
Top