ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كورد له‌ ته‌واوی پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق بكشێته‌وه‌

 ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كورد له‌ ته‌واوی پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق بكشێته‌وه‌
به‌هۆی جێبه‌جێنه‌كردنی داواكارییه‌كانی كورد له‌ پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی عێراق له‌لایه‌ن سه‌رۆك فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانی په‌رله‌مانی عێراقه‌وه‌ پێشنیاری كشانه‌وه‌ی كورد له‌ ته‌واوی پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق ده‌كرێت.

ئه‌شواق جاف په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی پارتی كوردستان كوردستان له‌ په‌رله‌مانی عێراق گوتی: "به‌هۆی جێبه‌جێنه‌كردنی داواكارییه‌كانی كورد له‌ پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی عێراق له‌لایه‌ن سه‌رۆك فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانه‌وه‌ پێشنیارێك ئاراسته‌ی سه‌رۆك كۆماری عێراق كراوه‌ سه‌باره‌ت به‌ كشانه‌وه‌ی كورد له‌ ته‌واوی پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق و ئه‌مرۆش سه‌رجه‌م سه‌رۆك فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆماری عێراق كۆده‌بنه‌وه‌".

دوێنێ فراكسیۆنه‌ كوردستانیيه‌كان دانیشتنی په‌رله‌مانی عێراقییان بایكۆت كرد كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی عێراق و به‌وهۆیه‌و كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ سبه‌ی شه‌ممه‌ دواخرا.

ئه‌شواق جاف له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد له‌به‌رامبه‌ر ئه‌گه‌ری جێبه‌جێنه‌كردنی داواكاری كورد له‌ پڕۆژه‌ بودجه‌ی عێراق گوتی: "گله‌ییمان له‌ سه‌ركردایه‌تی سیاسی و به‌رپرسانی پارته‌ كوردستانییه‌كان هه‌یه‌ كه‌ تاوه‌كو ئێستا كۆنه‌بوونه‌ته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته‌ گرنگ و چاره‌نووسسازه‌ كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ژیانی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ و پێویسته‌ به‌زووترین كات به‌رپرسانی باڵای سه‌رجه‌م حزبه‌ كوردستانییه‌كان كۆببنه‌وه‌ و بڕِیارێك بده‌ن و هه‌ڵوێست بنوێنن".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ داواشی كرد كه‌ پارته‌ سیاسییه‌ كوردییه‌كان بابه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌لاوه‌ نێن و به‌جددی كار له‌سه‌ر پرسی به‌شی كورد له‌ بودجه‌ی عێراق بكه‌ن.

داواكاریی و گله‌ییه‌كانی كورد له‌ پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی عێراق له‌ چوارچێوه‌ی به‌كارهێنانی چه‌ند ده‌سته‌واژه‌یه‌كی ناده‌ستووری له‌ پڕۆژه‌كه‌ و به‌شی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی عێراق و مووچه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌یه‌.











باسنيوز
Top