بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان: بۆ هاوینی ئەمساڵ ناتوانین وەک پێویست کارەبا بەرهەم بهێنین

 بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان: بۆ هاوینی ئەمساڵ ناتوانین وەک پێویست کارەبا بەرهەم بهێنین
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوی دەربەندیخان ڕای دەگەیەنێت، بۆ هاوینی ئەمساڵ ناتوانین وەک پێویست کارەبا بەرهەم بهێنین.

ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوی دەربەندیخان ڕايگەیاند: ”ئەو یەک ملیار دینارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەنداوی دەربەندیخان تەرخانی کردبوو، ئێستا ئەو کارانەی بڕیارە لەڕێی ئەو بڕە پارەیەوە بکرێ لەڕێی وەزارەتەوە لە قۆناغی تەندەر دایە، هەروەها لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق داوا پێشکەشی 14 کۆمپانیای بیانی کراوە، کە گرێبەستی خۆیان بۆ پشکنین و دیاریکردنی زەرە و زیانەکانی بەنداوەکە، ئامادەکردنی تەندەر بۆ چاکسازی بۆی پێشکەش بکەن".

ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە ئاشکراشی کرد: ”ئەمساڵ نەیانتوانیوە بە گوێرەی پێویست ئاو خەزن بکەن، هەروەها ئێستا دوو یەکەی کارەبا ئیشی پێ دەکرێ و کارەبا بەو ئاوە بەرهەم دەهێنێت کە بەر دەدرێتیەوە، ئەمەش پێچەوانەی ساڵانی ڕابردووە کە بە زستانان ئاومان خەزن دەکرد و بە هاوینان کارەبامان پێ بەرهەم دەهێنا، بۆیە لە هاوینی ئایندەدا ناتوانین هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو وەک پێویست کارەبا بەهەم بهێنین".

ڕەحمان خانی، هیوای خواست لە ماوەی ئەمساڵدا تا ساڵێ ئایندە و وەرزی خەزنکردنی ئاو بۆ چاککردنەوەی بەنداوەکەدا پەلە بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانرێ ئاو خەزن بکرێت.

لە کاتی بوومەلەرزەکەی ساڵی ڕابروودا بەنداوی دەربدەندیخان لە چەندین شوێنەوە درزی بردووە و مەترسیی تەقێنی لەسەرە و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە یارمەتیی حکوومەتی عێراق، هێشتا هەوڵەکانیان بۆ چاککردنەوەی هیچ ئەنجامێکی نەبووە.











باسنيوز
Top