سەرۆكی یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان: بەغدا هیچ نیەتێكی بۆ چارەكردنی كێشەكان نییە

سەرۆكی یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان: بەغدا هیچ نیەتێكی بۆ چارەكردنی كێشەكان نییە
سەرۆكی یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان، نیەتی بەغدا بۆ چارەكردنی كێشەكان ئاشكرا دەكات و پێی وایە، لە ئێستادا بەغدا هیچ نیەتێكی بۆ چارەكردنی كێشەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا نییە و، دەیەوێ تا دوای هەڵبژاردن بیانوو بۆهەر پرسێك ببینێتەوە.

دوێنێ حكوومەتی عێراق بۆ ماوەی سێ مانگی دیكە بڕیاری راگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەكانی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستانی درێژ كردەوە و، تا دێت نیازخراپیی دەردەكەوێت دژی خەڵكی هەرێمی كوردستان.

لەو بارەیەوە، نیعمەت عەبدوڵڵا، سەرۆكی یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەغدا پیلانی خۆی دژی هەرێمی كوردستان هەیە و، ڕاگرتنی گەشتی فڕۆكەخانە و ئابڵووقەخستنەسەر هەرێمی كوردستانیش، دەكەوێتە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیەی حكوومەتی بەغدا دژی هەرێمی كوردستان دایڕشتووە، پێش درێژكردنەوەی وادەی داخستنی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان، حەیدەر عەبادی خۆی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، تا هەرێم بە یەكجاری گوێڕایەڵی ئەوان نەبێت، ئامادە نین فڕۆكەخانەكان بكەنەوە، پێیشم وایە تا دوای هەڵبژاردنەكانی بەهاری داهاتوو، ئەو گوشارانەی بەغدا هەر بەردەوامییان دەبێت، لەبەر ئەوەی خۆی دیارە گوشارخستنەسەر هەرێمی كوردستان و ئەزیەتدانی هاووڵاتیانی كوردستان، بۆ مەبەستی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن بەكار دێنن".

سەرۆكی یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان گوتیشی: "هیچ نیەتێك لە بەغدا بەدی ناكرێت بۆ گەییشتن بە رێككەوتن لە داهاتوویەكی نزیكدا، چونكه‌ هەرێمی كوردستان چەندین جار ئەوەی دووپات كردووەتەوە كە، ئامادەین بۆ دانوستان و رێككەوتن لە چوارچێوەی مافە دەستووری و یاساییەكانی هاووڵاتیانی كوردستان، بەڵام حكوومەتی عەبادی دەیەوێ كات بكوژێ و كێشەكان لە نێوان هەرێم و بەغدادا چارە نەكرێن.

نیعمەت عەبدوڵڵا دەشڵێ: "بەغدا تەنیا دەیەوێ كات بكوژێت، ئینجا رۆژێك بە ناوی لیژنەی وردبینی و رۆژێك بە ناوی فڕۆكەخانە و هەر جارە و بیانوویەك دێننەوە".
kdp-
Top