داوا لە عەبادی دەکرێ خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەر لەبیر نەکات

 داوا لە عەبادی دەکرێ خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەر لەبیر نەکات
ڕاوێژکارێکی پێشووی جەلال تاڵەبانی، سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق کە تائێستاش بە ئەنفالکردنی سەدان هەزار کورد بە دەستی ڕژێمی بەعس دەڵێ (درۆی ئەنفال) و دانی پێدا نانێت، داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات، گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر لەبیر نەکەن.

وەفیق سامەڕایی، ڕاوێژکاری پێشووی مام جەلال، لە وتارێکیدا کە لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە، بەپێویستی زانیوە، حکوومەتی عێراق ئەو پیلانە تەواو بکات کە لە 16ی ئۆکتۆبەرەوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی هەرێمی کوردستان دەستی داوەتێ و ئاماژەی بەوە داوە: “دەبێ بە تەواوی دەروازە سنوورییەکان کۆنتڕۆڵ بکرێن و دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر (هەرێمی کوردستان) سەرپەرشتی بکرێن”.

سامەڕایی سیاسەتی ئێستای حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بە سیاسەتێکی نەرم و هەنگاوی یەکەم بۆ لێکتێگەیشتن لەگەڵ بەغدا وەسف کردووە و داوای کردووە، ڕێچکەیەکی ڕوون بۆ ئەو لێکتێگەیشتنە دابنرێت. هاوکات نووسیویەتی: “لەگەڵ دانانی ڕێچکەکە، دۆستانی 16ی ئۆکتۆبەر لەبیر نەکرێن”.

پێشتریش چەندین جار لە نووسینەکانیدا وەفیق سامەڕایی ستایشی گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەری کردبوو و بە تیمی تاڵەبانی و سەرکردە گەنجەکانی یەکێتی وەسفی کردبوون.

ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، کەرکووک و خورماتوو و ناوچەیەکی فراوانی هەرێمی کوردستان کەوتە دەست میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و میلیشیاکان هەوڵی هێرشکردنە سەر هەولێر و ناوچەکانی دیکەشیان دا. دواتر سەرکردە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەیان ڕاگەیاند کە گرووپێکی نێو حزبەکەیان، ژێر بە ژێر لەگەڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و لایەنی عێراقی ڕێککەوتنیان کردووە و بەهۆی خیانەتەکەیانەوە ئەو سنوورە فراوانە کەوتووەتە دەست میلیشیاکانی سەر بە عێراق.










باسنيوز
Top