ھەزار و 400 خێزانی دیکەی ئاوارەی کەرکووک لە ھەولێر ھاوکاری کران

 ھەزار و 400 خێزانی دیکەی ئاوارەی کەرکووک لە ھەولێر ھاوکاری کران
دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە ھاوکاری دەزگای LDSی ئەمریکی جلوبەرگ و بەتانی پێشکەشی ھەزار و ٤٠٠ خێزانی ئاوارەی کەرکووک کە لە پارێزگای ھەولێر نیشتەجێن کرد، ھاوکات پشکنینی تەندروستی بۆ 200 نەخۆش لە ئاوارەکانی کەرکووک و خورماتوو ئەنجام درا.

ئەمڕۆ سێشەممە 19/١٢/٢٠١٧، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە ھاوکاری LDSی ئەمریکی بەھۆی وەرزی سەرما و سۆڵەوە چالاکییەکی بۆ خێزانە کەرکووکییەکان کە بە ھۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە، ژیان و ماڵی خۆیان بەجێھێشتووە، بەڕێوەبرد و لەو چالاکییەدا بەتانی و جلوبەرگی زستانەی بەسەر ھەزار و ٤٠٠ خێزاندا دابەش کرد.

جێگای ئاماژەیە ئەمە سێھەم چالاکییە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەگەڵ LDSی ئەمریکی پێداویستی زستانە پێشکەشی خەڵکی کەرکووک دەوروبەری دەکەن.

ھاوکات ھەر ئەمڕۆ، تیمی پزیشکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی پشکنینی تەندروستی بۆ ٢٠٠ نەخۆشی کەرکووک و خورماتوو کرد، کە لە گەڕەکی ئاشتی ٢ی پارێزگای ھەولێر نیشتەجێ بوون و پاش پشکنین دەرمان و چارەسەری پێویستیان پێشکەش کرا.

بەھۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە بەشێک لە خەڵکی کەرکووک ماڵ و حاڵی خۆیان رووە و پارێزگاکانی دیکەی کوردستان بەجێھێشتووە، وەرزی سەرما و سۆڵە بارگرانییەکانی سەریان زیاتر دەکات و (دەزگای خێرخوازیی بارزانی)ش بەپێی توانای و بە ھەماھەنگی رێکخراوە جیھانییەکان بە پێدانی کەلوپەلی پێویست ھەوڵ دەدات بەشێک لەو بارگرانییە لەسەر خێزانەکان کەم بکاتەوە.

ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.

ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.











باسنيوز
Top