کەرکووک.. دزینی ئۆتۆمبێل بووەتە دیاردە
شێرزاد ئەحمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی ھاتوچۆی کەرکووک، لە پرێس کۆنفڕانسێکدا، ڕای گەیاند: "پێویستە بەھاوئاھەنگی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان سنوورێک بۆ دزینی ئۆتۆمبێل لە ناو شاری کەرکووک دابنرێت".
بەڕێوەبەری پۆلیسی ھاتوچۆی کەرکووک، ئاشکراشی کرد، کە لەماوەی یەک مانگدا 20 ئۆتۆمبێل لە کەرکووک دزراون، ھێزە ئەمنییەکانیان توانیویانە دەست بەسەر 12 ئۆتۆمبێلی دزراو بگرن، ئەمەش بە ھاوئاھەنگی سیستەمی (ھەڵۆی کەرکووک) بووە و داوا لە خاوەنی ئۆتۆمبێلە دزراوەکانیش دەکەن سەردانی بنکەی سەرەکی ھەڵۆی کەرکووک لە چیمەن بکەن، تا سکاڵا تۆمار بکەن لەمەڕ دزینی ئۆتۆمبێلەکانیان.
دوای داگیرکردنی شاری کەرکووک لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە دزینی ئۆتۆمبێل لە کەرکووک بووەتە دیاردە.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
باسنيوز
