پۆلیسی ڕاپەڕین ھۆشداری دەداتە سەرجەم ھاووڵاتییانی سنوورەکەی

 پۆلیسی ڕاپەڕین ھۆشداری دەداتە سەرجەم ھاووڵاتییانی سنوورەکەی
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمیدا، ھۆشدارییەکی بۆ سەرجەم دانیشتوانی سنوورەکەی بڵاو کردووەتەوە و داوا دەکات، خۆپیشاندانەکان بە ئاڕاستەی ھەڵەدا نەبرێن.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 19/12/2017، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)دا بڵاو کردووەتەوە، تێیدا ھاتووە: "ھاووڵاتییانی خۆشەویست، داواکارین خۆپیشاندانەکان بە ئاڕاستەی ھەڵەدا نەبرێن، بۆ ئەوەی پشێوی لێ نەکەوێتەوە و دۆخی ئاسایش و ژیانی ھاووڵاتییان نەکەوێتە مەترسییەوە".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە: "پاراستنی دامودەزگا مەدەنی و حکوومیبەکان ئەرکی ھەموو لایەکمانە و نابێت بەھیچ جۆرێک پەنا بۆ سووتاندن و توندوتیژی ببرێت، لێرەوە داوا دەکەین کەخەڵک خۆیان لە ئاژاوەنانەوە بپارێزن، چونکە ئەمە دەبێتە بەلاڕێدابردنی داوا ڕەواکانیان".

پۆلیسی ڕاپەڕین جەختی لەوەش کردووەتەوە، کە ئەوان بە ھەموو شێوەیەک ڕێگر دەبن لە ھەر دەستێک بۆ نانەوەی پشێوی و کاولکارییەک لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو: "ھیوادارین پێکەوە ھاوکار بین بۆ دژایەتیی ھەر توندوتیژی و کێشەنانەوەیەک کە زیان لە داوا ڕەواکانی خەڵک بدات، با سنوورەکەمان لە پشێوی بپارێزین".









باسنيوز
Top