قایمقامی چەمچەماڵ: دەبێ ناڕەزاییەكان بە شێوەی ئاشتیانە و دوور لە توندوتیژی بکرێن
نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 19/12/2017، ڕەمەك ڕەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ، لە پرێس كۆنفڕانسێكدا، ڕای گەیاند: "ئێمە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكان و كەسایەتییە دیارەكانی چەمچەماڵ كۆبووینەتەوە و هەموومان یەكدەنگین بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی سنووری چەمچەماڵ، گوێمان لە داخوازییەكانی خۆپیشاندەرانیش گرتووە كە بریتین لە باشتركردنی دۆخی هاووڵاتییان و ئەوەی لە توانای ئێمەدا بێت بۆ گەیاندنی داوای خۆپیشاندەران درێغی ناكەین".
قایمقامی چەمچەماڵ ڕاشی گەیاند: "دوای خۆپیشاندانەكە ژمارەیەك لە هاووڵاتییانی چەمچەماڵ لە 16ی ئەم مانگە، ئێستا دۆخی كارەبا لە چەمچەماڵ تا ڕادەیەك باشتر بووە و ئێستا لە كۆی 24 كاتژمێر 12 كاتژمێر كارەبامان دەبێت و چەمچەماڵ یەكەم شوێن بوو كە نەوتی وەرگرت و بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەكرێت".
قایمقامی چەمچەماڵ، گوتیشی: "وەك چۆن چەمچەماڵ بە پایتەختی شەهیدان ناسراوە، دەبێت ببێنە پایتەخەتی ئەوەی كە ناڕەزاییەكانمانیش بە شێوەیەكی ئاشتیانە و دوور لە توندوتیژی بخەینە ڕوو".
ڕەمەك ڕەمەزان، ڕوونی كردەوە ئەو وێستگە كارەبایەی كە لە سنووری چەمچەماڵە كاتێك هەندێك خەڵك ویستیان پەلاماری بدەن، ئەگەر بسووتایە، ئەوەی لەو شوێنە بوایە دەسووتا و تەنانەت كاریگەریی ئەو سووتانە بۆ شارەدێكانی شۆڕش و تەكییەش دەچوو و دەبووە هۆی نانەوەی كارەساتێكی گەورە".
ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا لە سنووری شارەدێكانی قادر كەرەم و تەكیە سەرقاڵی ڕاكێشانی كارەبایان بۆ چەند گوندێك.
دوێنێ دووشەممە 18/12/2017، ژمارەیەك لە هاووڵاتییانی چەمچەماڵ خۆپیشاندانێكی ناڕەزاییان ئەنجامدا و خۆپیشاندەران بۆ ماوەیەك ڕێگای سەرەكی نێوان كەركووك-سلێمانیان داخست، پاشان خۆپیشاندەران چوونە سەر وێستگەی كارەبای چەمچەماڵ، بەڵام دواتر لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە تەقە ئاراستەی خۆپیشاندەران كرا.
باسنيوز
