بەرپرسی لقی هەڵەبجەی پارتی: ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر بارەگای لق دەکرێت

 بەرپرسی لقی هەڵەبجەی پارتی: ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر بارەگای لق دەکرێت
بەرپرسی لقی هەڵەبجەی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر بارەگای لقەکەیان دەکرێت و داوای کرد، کۆتایی بەو دۆخە بهێندرێت کە لە سنوورەکە ڕوودەدات.



فازڵ بەشارەتی، بەرپرسی لقی هەڵەبجەی پارتی ڕاگەیاند: ئێستا خۆپیشاندەران بەرەو بارەگای پارتی دێن، هەڤاڵان و لایەنگرانمان و هێزە ئەمنییەکانی خۆمان و محەلییەکان لە دەوری لق کۆبوونەتەوە و لە بەرگریکردن دان لە بارەگای لق، ئێمە ئامادەکاریی تەواومان کردووە بۆ ئەوەی ڕێگە لە هەر حاڵەتێک بگرین، هێزە ئەمنییەکانیش لە دەوری لق دان تا هیچ حاڵەتێکی خراپ ڕوونەدات“.



جەختیشی لەوە کردەوە: ”یەکێتی لە زۆنی سەوزدا حزبی باڵادەستە و هەر ڕووداوێک لەم سنوورە ڕوودەدات، یەکێتی زەرەرمەندی یەکەمە و لە سنووری ئەواندا کەس پارێزراو نابێ. بۆیە بەرپرسیارێتیی ئەم دۆخە بە پلەی یەکەم لە ئەستۆی ئەوان دایە و کەسیش لە پشێوییەکان سوود وەرناگرێ و هەمووان زەرەرمەند دەبن“.



ئەمە لە کاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ سێشەممە 19/12/2017، خۆپیشاندەرانی ئاراستەکراو لە سنووری شاری کفری، پەلاماری بارەگای لێژنەی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان دا و بەرپرسی لێژنەکە ئاشکرای کرد کە ژمارەیەک کەسیان لەنێو بارەگاکەدا بریندار بووە و بە دەمانچە و کلاشینکۆف تەقەیان لێ کراوە.



دوێنێ دووشەممە 18/12/2017، خۆپیشاندەرانی ئاراستەکراو لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، بەرهەم ساڵح، شاسوار عەبدولواحید و لاهوور جەنگی، لە چەندان شوێنی دەڤەری سلێمانی پەلاماری بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستانیان دا و لە پیرەمەگروون بارەگایەکی پارتییان سووتاند، لە کاتێکدا خۆپیشاندانەکانیان لەژێر ناوی دژایەتیی گەندەڵی و باشترکردنی بژێویی ژیانیان ئەنجام دەدەن.



هەر دوێنێ فەرید زامدار، نووسەر و کادیری پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دۆستی مام جەلال، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند کە هێرشکردنە سەر بارەگاکەی پارتی لە پیرەمەگروون، لەلایەن گرووپەکەی لاهوور جەنگییەوە بووە.



باسنیوز
Top