گۆڕان داوا لە عەبادی دەکات ھێز و میلیشیا عێراقییەکان بۆ سلێمانی بنێرێت

 گۆڕان داوا لە عەبادی دەکات ھێز و میلیشیا عێراقییەکان بۆ سلێمانی بنێرێت
پەرلەمانتارێکی بزووتنەوەی گۆڕان داوا لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات ھێز و میلیشیا عێراقییەکان بنێرێتە سلێمانی.



تاڤگە ئەحمەد، پەرلەمانتاری گۆڕان لە عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا پشتگیریی خۆی بۆ خۆپیشاندانی خەڵکی چەند ناوچەیەکی پارێزگای سلێمانی نیشان داوە کە تێکدان و سووتاندنی فەرمانگەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی لێ کەوتووەتەوە.



تاڤگە ئەحمەد رەخنەی لە حەیدەر عەبادی گرتووە، چونکە بە گوتەی خۆی، ”تا ئێستا ھێزی نەناردووەتە سلێمانی بۆ رووخاندنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و پشتگیریکردنی پێکھێنانی حکوومەتی ئینقاز.



ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان، کە حزبەکەیشی پشتگیریی بۆ خۆپیشاندەران دەربڕیوە، داوای لە حەیدەر عەبادی کردووە ”بەپەلە“ دەستوەربداتە کاروباری ھەرێمی کوردستان و ھێز و میلیشیا عێراقییەکان بنێرێتە شاری سلێمانی.



لە رۆژی دووشەممە ١٨/١٢/٢٠١٧ لە چەند ناوچەیەکی پارێزگای سلێمانی، بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان و بەرهەم ئەحمەد ساڵح، لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید و لاهوور جەنگی، بە مەبەستی مەرامە سیاسییەکانی خۆیان، هانی خۆپیشاندانیان دا و بەبێ ئەوەی خۆپیشاندەران پەیامێکی ڕوونیان هەبێت، لە تەواوی پارێزگای سلێمانی، پشێوی کەوتەوە.






باسنیوز
Top