بەشار ئەسەد هێرش دەکاتە سەر هەسەدە

 بەشار ئەسەد هێرش دەکاتە سەر هەسەدە
سەرۆکی رژێمی سووریا هێرش دەکاتە سەر هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە) و بە ”خاین“ ناویان دەبات.



بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی (رۆیتەرز)، نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، بەشار ئەسەد، سەرۆکی رژێمی سووریا، سوپای ئەو رژێمە بەردەوام دەبێت لە راوەدوونانی ”تیرۆریستان“.



بەشار ئەسەد هەروەها رایگەیاندووە، ئەو ”گرووپە سوورییانە“ی ئەمریکا مەشق و راهێنانیان پێ دەکات، ”خیانەتیان لە گەل و سوپای سووریا کردووە، ئەوان خاینن“.



لە بەرامبەردا، هەسەدە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، کە بەیاننامەکەی سەرۆکی رژێمی سووریا ”تووشی سەرسووڕمانی نەکردین“، چونکە ئەو رژێمە هانی نانەوەی ئاژاوەی تائیفی و نەژادی دەدات.



هەسەدە هەروەها رایگەیاندووە، رژێمی سووریا بەو هەڵوێستانەی سووریا بەرەو دابەشبوون دەبات و “ئێمەش بەهیچ شێوەیەک رێگا بە دابەشبوونی سووریا نادەین“.



هەسەدە هێزێکی سەربازییە، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵای سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان پێکهێنەری سەرەکییەتی و لەلایەن ئەمریکاوە بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژهەڵاتی سووریا لەژێر داگیرکاریی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پشتیوانی دەکرێت.



باسنيوز
Top