بارەگایەکی پارتی لە کفری گەمارۆ دەدرێ و ژمارەیەک برینداریشی لەنێو دایە
زەینەڵ عەزیز، بەرپرسی لێژنەی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کفری، ڕاگەیاند، لە لایەن خۆپیشاندەرانی ئاراستەکراوەوە هێرشیان کراوەتە سەر و لەنێو بارەگاکەیاندا گەمارۆ دراون.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”7 کەس لەنێو بارەگاکەماندا لەلایەن خۆپیشاندەرانی ئاراستەکراوەوە بریندار کراون و بە دەمانچە و کلاشینکۆف و بەرد هێرشمان دەکرێتە سەر“.
جەختیشی لەوە کردەوە کە داوایان لێکراوە بارەگاکەیان چۆڵ بکەن، بەڵام ”تا دوا نەفەس بارەگاکە چۆڵ ناکەین، تەنیا مەگەر پارتی داوامان لێ بکات لەو بارەگایە بچینە دەرەوە“.
زەینەڵ عەزیز بۆ (باسنیوز) جەختی لەوە کردەوە کە بارەگاکەیان لە چوار لاوە گەمارۆ دراوە و هێرشیان بۆ دەبرێت و لەنێو خۆپیشاندەرانەوە تەقەیان لێ دەکرێت. بۆیە داوای لە هێزە ئەمنییەکان کرد، ژیانی کادیرانیان بپارێزێت.
دوێنێ دووشەممە 18/12/2017، خۆپیشاندەرانی ئاراستەکراو لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، بەرهەم ساڵح، شاسوار عەبدولواحید و لاهوور جەنگی، لە چەندان شوێنی دەڤەری سلێمانی پەلاماری بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستانیان دا و لە پیرەمەگروون بارەگایەکی پارتییان سووتاند، لە کاتێکدا خۆپیشاندانەکانیان لەژێر ناوی دژایەتیی گەندەڵی و باشترکردنی بژێویی ژیانیان ئەنجام دەدەن.
هەر دوێنێ فەرید زامدار، نووسەر و کادیری پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دۆستی مام جەلال، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند کە هێرشکردنە سەر بارەگاکەی پارتی لە پیرەمەگروون، لەلایەن گرووپەکەی لاهوور جەنگییەوە بووە.
باسنيوز
